فائیزە رەفسنجانی: ریفۆرمخواز و پارێزگاران هیچ جیاوازییه‌كیان نییه‌

رەوتی رێفۆرم چەند ساڵێكە بە دەست تەنگژەیەكی سیاسییەوە دەناڵێنێت و گومان دەكرێت بگەنە رێككەوتن لە سەر كاندیدكردنی ناوێك و ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور پەسندی بكات چونكە ئەنجوومەنەكە زۆرینەیان لە پارێزگارانن و قسەی كۆتایی لە پەسندكردنی كاندیدان دەكات

فائیزە رەفسنجانی، كچی سەرۆكی پێشووی ئێران، عەلی ھاشمی رەفسنجانی
فائیزە رەفسنجانی، كچی سەرۆكی پێشووی ئێران، عەلی ھاشمی رەفسنجانی

K24 – ھەولێر:

فائیزە رەفسنجانی، كچی سەرۆكی پێشووی ئێران، عەلی ھاشمی رەفسنجانی رایگەیاند، بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی سەرۆكایەتیدا ھیچ ئەنجامێكی ئەوتۆی نابێت، كە دۆخەكە بگۆڕێت.

لە میانی بەشداریكردنی لە یەكێك لە ژوورەكانی "كلۆپھاوس" كە پێگەی "ئێران ئینتل" پوختەكەی گواستووەتەوە، فائیزە رەفسنجانی ئاماژەیكرد، جیاوازیەكی زۆر لە نێوان كاندیدانی رەوتی رێفۆرمخوازان و پارێزگاراندا نییە لە ڕووی ئەگەری گۆڕانی دۆخەكە.

ئەو چالاكوانە، كە سەر بە رەوتی رێفۆرمخوازانە جەختیكردەوە لەوەی خۆی نەبەشداری دەكات و نە دەنگیش دەدات لەو ھەڵبژاردنەی بڕیارە لە 18ی حوزەیران ئەنجامبدرێت، ئاماژەشیكرد، دەنگ نەدان واتە "بەشداری نەكردن لەبڕیارە ھەڵەكان"ی حكومەت.

فائیزە رەفسنجانی بەردەوام بوو و گوتی: نەچوونی بۆ دەنگدان لە ھەڵبژاردنەكان "لە بەر ئەوە نییە، كە كاندیدان شایەنی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور نین، بەڵكو ناڕەزایی دەربڕینە دژ بە رێفۆرمخوازان، كە وازیان لە سیاسەتی چاكسازی ھێناوە لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتیان".

ھەروەھا ئاماژەشیكرد، لەوانەیە رای خۆی بگۆڕێت و بەشداری لە ھەڵبژاردنەكاندا بكات، ئەگەر كەسێكی دیكە لە میانی دوو مانگی داھاتوودا ھات و "خەسڵەتە پێویستییەكانی" ھەبوون، گوتیشی: "من بوێریم ھەیە رای خۆم بگۆڕم".

ئاشكراشیكرد، لەوانەیە بەشداری لە دەنگدان بكات لە ھەڵبژاردنەكاندا، ئەگەر بینی سیاسەتێكی چاكسازی دەگیرێتەبەر، وەك ئازادكردنی گیراوەكان و ئاوەدانكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ دەوڵەتانی ھاوسێ.

تاكو ئێستا بەفەرمی ناوی كاندیدانی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی رانەگەیەنراون، بەڵام ھەندێك ناو ھەن مەزندە دەكرێن كاندید بكرێن. لە ناوەڕاستی مانگی شوبات، "كۆڕی زانایانی موجاھیدی ئایینی" كە یەكێكە لە پێكھاتەكانی پارێزگاران، نیازی خۆی راگەیاند بۆ كاندیدكردنی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری، ئیبراھیم رەئیسی لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا.

رەئیسی تاكو ئێستا ئاشكرای نەكردووە، كە ئایا دەیەوێت خۆی كاندید بكات، پاش ئەوەی لە 2017 خۆی كاندید كرد و 38% دەنگاكانی ھێنا و نەیتوانی رێگری لە ھەڵبژاردنەوە روحانی بو جاری دووەم بكات.

ھەروەوھا ناوی، سەرۆكی ئەنجوومەنی شورا، محەمەد باقر قالیباف باس دەكرێت، وەك یەكێك لە كاندیدانی پارێزگاران، كە ھەندێك لە نەیارانی تۆمەتباری ده‌كەن بەوەی زوو دەستی بەھەڵمەتی راگەیاندن كرد لە ژێر پەردەی سەردانە فەرمییەكانی بۆ چەند پارێزگایەك.

ھەروەھا ناوێكی دیكە دێتە بەر باس، ئەویش سەرۆكی پێشوو ئەحمەدینه‌ژادە، كە  ھەوڵەكانی خۆی خستووەتەگەڕ لە راگەیاندنەكاندا بە تایبەتی راگەیاندنەكانی دەرەوەی ئێران.

بەڵام شیكەرەوەكان، بە ئەستەم دەبینن، ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور كاندیدكردنی ئەحەمەدینه‌ژاد پەسند بكات، كە بۆ دوو گەڕ 2005-2013 پۆستی سەرۆكایەتی ئێرانی ھەبوو، پێشتریش ئەنجوومەن كاندیدكردنەوە لە ساڵی 2017 رەتكردبوویەوە.

رەوتی رێفۆرم چەند ساڵێكە بە دەست تەنگژەیەكی سیاسییەوە دەناڵێنێت، گومان دەكرێت بگەنە رێككەوتن لە سەر كاندیدكردنی ناوێك یان ھەر كاندیدێك پێشكەش بكات ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور پەسندی بكات چونكە ئەنجوومەنەكە زۆرینەیان لە پارێزگارانن و قسەی كۆتایی لە پەسندكردنی كاندیدان دەكات.