ملیۆنێک هاووڵاتی عێراقی تەنیا پشت بە پسوولەی خۆراک دەبەستن
زیاتر لە 15 ساڵە كێشە لە دابینكردن و دابەشكردنی خۆراك چارەسەر نەكراوە
K24 - ھەولێر
ئەندامێكی لیژنەی ئابووری وەبەرهێنان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ملیۆنێک هاووڵاتی بابەتەکانی پسوولەی خۆراک وەردەگرن و پشتیان پێی بەستووە.
نەهرۆ محەمەد، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، لیژنەکەیان چەندین توێژینەوەی ئەنجامداوە و میوانداری کەسانی پسپۆڕی کردووە، بۆ ئەوەی لەبارەی بابەتی پسوولەی خۆراک گفتوگۆ بکەن و چارەسەری کێشەکانی بکەن کە زیاتر لە 15 ساڵە بەردەوامە.
راشیگەیاند، بەپێی داتاکانی وەزارەتی بازرگانی 39 ملیۆن هاووڵاتی ناویان لە سیستمی پسوولەی خۆراک هەیە، ئەو گرێبەستانەی کە واژۆش دەکرێن پشتیان بەو ژمارەیە بەستووە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری ئاماژە بەوە دەدات، بە گوێرەی توێژینەوەکان لەو 39 ملیۆن هاووڵاتییە، تەنیا ملیۆنێکیان بابەتەکانی پسوولەی خۆراک وەردەگرێت و پشتی پێ بەستووە.