به‌هۆی ناكۆكی له‌سه‌ر یاری تۆپی پێ له به‌غدا دوو كه‌س كوژران و 3ی دیكه‌ش بریندار بوون
یه‌كێك له كوژراوه‌كان كچێكی منداڵه
K24- هه‌ولێر:
له‌كاتی یارییه‌كی تۆپی پێ له‌نێوان دوو تیپی میللی له شاری سه‌دری پارێزگای به‌غدا، شه‌ڕ و ده‌مه‌قاڵێ له‌نێوان چه‌ند كه‌سێك له‌سه‌ر یارییه‌كه روویدا و له ئه‌نجامدا یه‌كێكیان ته‌قه‌ی كرد و به‌هۆیه‌وه دوو كه‌س كوژران، كه یه‌كێكیان منداڵێكی كچ بوو و 3ی دیكه‌ش بریندار بوون.
له‌وباره‌یه‌وه یاس حوسه‌ینی، ئه‌فسه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی به‌غدا رایگه‌یاند، "به‌هۆی شه‌ڕ و ده‌مه‌قاڵێی نێوان چه‌ند كه‌سێك له‌سه‌ر یارییه‌كی تۆپی پێی میللی له ناوچه‌ی سه‌دری رۆژهه‌ڵاتی به‌غدا، یه‌كێك له‌و كه‌سانه چه‌كی به‌كارهێنا".
هه‌وره‌ها گوتی: "له ئه‌نجامی ئه‌و ته‌قه‌كردنه‌دا دوو كه‌س كوژران، كه یه‌كێكیان كچێكی منداڵه و 3 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون".
ئاشكراشیكرد، راسته‌وخۆ دوای رووداوه‌كه هێزه‌كانی پۆلیس ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌یان ده‌ستگیركرد.
جێگای ئاماژه‌یه، به‌گوێره‌ی یاسای عێراقی، هه‌ر خێزانێك بۆی هه‌یه چه‌كێكی جۆری ده‌مانچه یانیش كلاشینكۆفی له ماڵه‌وه هه‌بێت، به‌و مه‌رجه‌ی ناو و جۆره‌كه‌ی له فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌كان تۆمار كرابێت، له‌كاتێكدا زۆرێك له عێراقییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای هۆزایه‌تی، زۆر جۆری چه‌كی جیاوازیان له‌ماڵه‌وه هه‌یه، له‌وانه‌ش ئار بی جی و ره‌شاش و دۆشكه.
H.B