هێزەکانی عێراق هەوڵی چۆڵکردنی گونده‌ كوردییه‌كانی سنووری پردێ دەدەن

"حکومەتی عێراق دەیەوێت جارێکی دیکە تەعریبمان بکات و ناچاربین گوندەکانمان چۆڵ بكەین"

ھەندێك لە خەڵكی گوندەكانی شارەدێی پردێ
ھەندێك لە خەڵكی گوندەكانی شارەدێی پردێ

K24 – ھەولێر:

10 گوندی سنووری شارەدێی پردێ بەدەست بێ کارەباییەوە دەناڵێنن، ھاووڵاتیانی ئەو گوندانە بۆ کوردستان24 قسەیان کرد و گوتیان: حکومەتی عێراق ھەر ڕۆژە و بە بیانوویەک دەیەوێت گوندەکانمان پێ چۆڵ بکات. گوتیشیان: لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە بە دەست بێ کارەبایی و رێگریەکانی سوپا و حەشدی شەعبییەوە دەناڵێنین.

ژمارەیەک گوندی کوردنشین لە سنووری شارەدێی پردێ نیگەران و توڕەن لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق، ئەوان دەڵێن: زیاتر لە 10 گوندی سنوورەکە تەنیا لەبەر ئەوەی کوردنشینن کارەبای پێویستیان پێ نادرێت و ئەو کەسانەی بە کاری کشتوكاڵییەوە سەرقاڵن بەهۆی نەبوونی کارەبای نیشتمانی خەریکە مایە پووچ دەبن.

بەشێک لە جووتیارەکان گوتیان: "دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بە بەرنامە دژایەتی هاووڵاتیانی کورد دەکرێت و رێگریان لێدەکرێت بۆ ئەوەی ناوچەکانیان ئاوەدان بکەنەوە و کاری کشتوکاڵی بکەن".

وەک دانیشتوانی بەشێک لە گوندەکانی ساڵەیی، گەڵۆزی، شێخ بزێنی و قەرەدەرە و چەند گوندێکی دیکە لە سنووری شارەدێی پردێ ئاماژەی بۆ دەکەن لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو تەنیا دوو کاتژمێر کارەبایان پێدراوە. ئەمەش زیانی زۆری بە جووتیارانی سنوورەکە گەیاندووە، چونکە بێ کارەبایی وایکردووە نەتوانن وەک پێوست بەرهەموو کشتوکاڵییەکانیان ئاو بدەن.

ھاووڵاتیانی ئەو گوندانە گوتیان: حکومەتی عێراق دەیەوێت جارێکی دیکە تەعریبمان بکات و ناچاربین گوندەکانمان چۆڵ بكەین. ھەر رۆژە و بە بیانوویەکی ئەمنی هێز و چەکدارانی حەشدی شەعبی ھەڵدەکوتنە سەرگوندەکانیان و جگە لەوەش رێگری و ئاستەنگی زۆر بۆ ھاووڵاتیانی ئەو گوندانە درووست دەکەن.