یەكێك لەو تۆمەتبارانەی لە ھەولێر ھێرشیان كردە سەر دوو ژن دەستگیركرا

پۆلیس: بە مەبەستی پارە لێوەرگرتن ھەڵیان كوتاوەتە سەر ماڵەكەیان
دیمەنێكی كاتی ھەڵكوتانە سەر ماڵەكە
دیمەنێكی كاتی ھەڵكوتانە سەر ماڵەكە

K24 – ھەولێر

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا ڤیدیۆیەك بڵاوكرایەوە كە دوو كەس ھەڵدەكوتنە سەر ماڵێك و لە دوو ژن دەدەن، ئەمڕۆ پۆلیسی ھەولێر دەستگیركردنی یەكێك لەو دوو تۆمەتبارەی راگەیاند.

موقەدەم ھۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "دوای ئەوەی ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەوە، كە دوو كەس ھەڵدەكوتنە سەر ماڵێك و لە دوو ژن دەدەن، ھێزەكانی پۆلیس دەستیان بە لێكۆڵینەوە و گەڕان كرد بۆ دۆزینەوەی ئەو دوو تۆمەتبارە، یەكێك لە تۆمەتباران دۆزرایەوە و دەستگیر كرا، لە ھەوڵداین بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبارەكەی دیكە".

گوتیشی: "یەكێك لە تۆمەتبارەكان لە خێزانی ئەو دوو ژنە بووە، یەكێك لە ژنەكان دایكیەتی و ئەوەی دیكەشیان براژنیەتی، بە مەبەستی پارە وەرگرتن لێیان ھەڵیان كوتاوەتە سەر ماڵەكەیان".

وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر، جەختیكردەوە: "وەك پۆلیس بە سەرپەرشتی راستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر بەدواداچوونی ورد بۆ ھەر دیاردە و كێشەیەك دەكەین كە روودەدات".