قه‌ره‌جه‌كانی عێراق.. قوربانییه بێده‌نگه‌كانی كۆرۆنا
چالاكوانێكی داكۆكیكار له مافی قه‌ره‌جه‌كان: "وێڕای ئه‌وه‌ی ئاماره‌كان ورد نین، به‌ڵام تا ئیستا هیچ حاڵه‌تێكی مردن له‌ناو قه‌ره‌جه‌كان تۆمار نه‌كراوه"
K24 - هه‌ولێر:
باوكی خدر سه‌لمان، دوو جار تووشی په‌تای كۆرۆنا بووه و وێڕای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی له سه‌رووی 75 ساڵیدایه و نه‌هامه‌تی زۆری به‌ده‌ست نه‌خۆشی په‌ستانی خوێن هه‌یه، به‌ڵام له‌و ڤایرۆسه رزگاری بووه و جارێكی دیكه توانیویه‌تی بگه‌ڕێته‌وه بۆ "سواڵكردن" له‌پێناو گه‌ڕان به‌دوای پارووی ژیان.
خانه‌واده‌ی خدر "ناوێكی خوازراوه" له قه‌ره‌جه‌كانی پارێزگای دیوانییه‌ی عێراقن، كه ڤایرۆسی كۆرۆنا خه‌رمانێكی دیكه‌ی خستووه‌ته سه‌ر نه‌هامه‌تییه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان و وایان لێهاتووه، به‌رگه‌ی له‌مه زیاتر نه‌گرن.
له دیمانه‌یه‌كدا بۆ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی "حوڕه"، خدر ده‌ڵێت: ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌و داهاته ده‌ژین، كه له رێگه‌ی سواڵكردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی و منداڵه‌كانییه‌وه به‌ده‌ستیده‌هێنن، له‌كاتێكدا ئه‌و به‌ده‌ست كێشه‌ی گورچیلهكانییهوه ده‌ناڵێنێت و ئاماژه به‌وه ده‌دات، "دوای كۆرۆنا ئێمه ناتوانین ته‌نانه‌ت خواردنیش بۆ خۆمان بكڕین، بازاڕه‌كان داخراون و شه‌قامه‌كان چۆڵن، خه‌ڵكیش له‌یه‌ك نزیك نابنه‌وه".
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه، خدر هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی كۆرۆناوه ده‌مامكی نه‌به‌ستووه، به‌ڵام وه‌ك گوتوویه‌تی، هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی ده‌مامكیان هه‌یه و به‌ر له چه‌ند مانگێك رێكخراوێك پێیانی داون.
له كۆمه‌ڵگای قه‌ره‌ج، كه چه‌ند خێزانێك له‌ژێر یه‌ك بنمیچدا ده‌ژین، دووركه‌وتنه‌وه له په‌تاكان كارێكی سه‌خته.
زۆرێكیش له ئافره‌تانی قه‌ره‌ج كاری سواڵكه‌ری یان كۆكردنه‌وه‌ی مادده فڕێدراوه‌كانی ناو زبڵ و خاشاك ده‌كه‌ن، كه به‌شێك له پیاوانیش ئه‌و كاره ده‌كه‌ن.
سه‌لمان ئهللوزی، چالاكوانی بواری كه‌مینه‌كان له عێراق گوتی: "قه‌ره‌جه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا، هه‌روه‌ها هه‌موو پارێزگاكانی عێراق، له كۆمه‌ڵگای دایكایه‌تی پێكهاتوون و ئافره‌تان سه‌رچاوه‌ی داهاتیانن".
ئهللوزی جه‌ختی كرده‌وه، له‌گه‌ڵ دابه‌زینی داهاته گشتییه‌كان، پرسی ته‌ندروستیی گشتی چیتر له ریزی پێشه‌وه‌ی پرسه‌كاندا نه‌ماوه و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "قه‌ره‌جه‌كان له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگ ناده‌ن، بۆیه هیچ كه‌سێك گرنگییان پێناده‌ن، ئه‌وان بوونه‌ته قوربانیی بێده‌نگی هه‌ژاری و كۆرۆنا و جیاكاری".
قه‌ره‌جه‌كان پشكنینی كۆرۆنا ئه‌نجام ناده‌ن، هه‌روه‌ك به‌هۆی هه‌ژاری، زۆربه‌یان ناتوانن ده‌رمانه سه‌ره‌تاییه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی نیشانه‌كانی كۆرۆناش بۆخۆیان دابین بكه‌ن، له‌وباره‌شه‌وه مه‌نار زوبه‌یدی، داكۆكیكاری مافی قه‌ره‌جه‌كان رایگه‌یاند، به‌شێكیان ناتوانن ته‌نانه‌ت خواردنی پێویستیش بۆ نه‌خۆشه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.
هاوكات مسته‌فا موحسن، كه پزیشكێكی عێراقییه و له یه‌كه‌یه‌كی ته‌ندروستی خۆبه‌خشی كار ده‌كات كه خزمه‌تگوزاری پزیشكی پێشكه‌ش به قه‌ره‌جه‌كانی یه‌كێك له پارێزگاكانی عێراق ده‌كات، دووپاتیكرده‌وه، "دۆخه‌كه‌یان زۆر هه‌ستیاره و په‌ناگه‌كانیان زۆر بچووك و قه‌ره‌باڵغن و ناوه‌وه‌شیان زۆر ژه‌هراوین".
موحسن گوتی: سروشتی كاری قه‌ره‌جه‌كان و چالاكییه ئابوورییه‌كانیان له‌شێوه‌ی گروپ و كۆمه‌ڵه پشت به بوونیان له‌ناو خه‌ڵك ده‌به‌ستێت، بۆیه ناتوانن پابه‌ندی رێنماییه‌كانی خۆپارێزی بن.
هه‌روه‌ها ئه‌و پزیشكه هیچ ئامارێكی له‌باره‌ی تووشبووانی قه‌ره‌جه‌كان به په‌تای كۆرۆنا له‌به‌رده‌ست نییه، چونكه ده‌سه‌ڵاتدارانی ته‌ندروستی عێراق ناوی ئه‌و جۆره پێكهاتانه له ئاماری نه‌خۆشه‌كان تۆمار ناكه‌ن، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، "به رێژه‌ی 100%ی تاكه‌كانی كه‌مپه بچووكه‌كان كه چاره‌سه‌ریان بۆ دابین كراوه، نه‌ك ته‌نیا گه‌وره‌كان، به‌ڵكو منداڵه‌كانیشیان تووشی ئه‌و په‌تایه بوونه".
زوبه‌یدی كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام به‌دواداچوون بۆ دۆخی قه‌ره‌جه‌كانی دیوانییه ده‌كات، گوتیشی: "وێڕای ئه‌وه‌ی ئاماره‌كان ورد نین، به‌ڵام تا ئیستا هیچ حاڵه‌تێكی مردن له‌ناو قه‌ره‌جه‌كان تۆمار نه‌كراوه".
زوبه‌یدی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه له سه‌رانسه‌ری عێراق به‌ده‌ست خراپی چاودێری ته‌ندروستییه‌وه ده‌ناڵێنن".
زوبه‌یدی ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌گرێت، كه "رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان گرنگی به‌و تویژه ناده‌ن" و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "ئه‌و هاوكارییانه‌ی رێكخراوه‌كانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پێشكه‌شیان ده‌كات، له‌ئاستی پێویستدا نییه".
جێگای ئاماژه‌یه، رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی عێراقی ژماره‌ی قه‌ره‌جه‌كان له عێراق به 400 هه‌زار تا 500 هه‌زار مه‌زه‌نده ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی سرووشتی راگوزهركردنی به‌رده‌وامه‌وه، ئه‌سته‌مه ژماره‌ی ته‌واویان بزانرێت.
زوبه‌یدی دووپاتیكرده‌وه، سرووشتی ژیانی قه‌ره‌جه‌كان وا ده‌خوازێت گرنگی به هۆشیاركردنه‌وه‌یان بدرێت بۆ وه‌رگرتنی ڤاكسین و فێركردنیان له چۆنیه‌تی خۆتۆماركردنی ئه‌لیكترۆنی و هاوكاریكردنیان له‌مباره‌یه‌وه.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، تۆماركردنی ئه‌لیكترۆنی بۆ وه‌رگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا پێویستی به شاره‌زایی له كۆمپیوته‌ر و بوونی هێڵی ئینته‌رنێت و ئامێری په‌یوه‌ندیكردن هه‌یه، كه ئه‌و ئامێر و میكانزیمانه للای قه‌ره‌جه‌كان به‌ئه‌سته‌م به‌رجه‌سته ده‌بن.
H.B