ئێران دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعوودیە ئاسایی بكاتەوە
"رووحانی چەند جارێك ھەوڵیداوە سعوودیە وەڵامی نەبووە"
K24 - ھەولێر
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێ وڵاتەكەی ئامادەیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعوودیە ئاسایی بكاتەوە.
عەباس عێراقچی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ژاپۆن رایگەیاند: "سعوودیە گرنگترین وڵاتی ئیسلامییە و حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران دەیەوێت پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەو وڵاتە ئاسایی بكاتەوە".
بەگوتەی عێراقچی سەرۆك كۆماری ئێران چەند جارێك ھەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعوودیە داوە، بەڵام لەلایەن سعوودیە ھیچ وەڵامێك نەبووە.
ماوەی زیاتر لەساڵێكە بەھۆی ناكۆكیان لەسەر شەڕی سووریا و یەمەن و لە سێدارەدانی كەسایەتیەكی شیعە لە سعوودیە و سوتاندنی باڵوێزخانەی سعوودیە لە تاران، پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە بە تەواوی پچڕاون، تەنانەت گەیشتوەتە ئەو ئاستە كە ھاوردە و ھەناردەی كەلوپەل و خۆراكیان لە یەكتر قەدەغە كردووە.