پەرلەمانی عێراق داوای روونکردنەوە لە وەزارەتی کارەبا دەکات
داوا دەکرێت لەبارەی کەمبوونەوەی کاتەکانی پێدانی کارەبا روونکردنەوە بدات

K24 - هەولێر
بەهۆی کەمبوونەوەی کاتەکانی پێدانی کارەبا بۆ وەرزی هاوین، لیژنەی خزمەتگوزاری لە پەرلەمانی عێراق داوای روونکردنەوەی لە وەزیری کارەبا دەکات.
مەنار عەبدولموتەلیب، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پێویستە وەزیری کارەبا روونکردنەوەی پێویست لەبارەی وەزارەتەکەی بدات و هۆکارەکانی کەمبوونەوەی دابینکردنی کارەبا بخاتەروو، لە کاتێکدا عێراق بەراورد بە وڵاتانی دیکە چەندین سەرچاوەی جیاوازی دابینکردنی وزەی هەیە.
ئەو پەرلەمانتارە لە لێدوانێکیدا گوتی، لە ساڵی 2003ـەوە تاوەکو ئێستا کەرتی کارەبا هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینوە. سەرەڕای ئەوەی چەندین قەیرانی دیکەش بارگرانیان زیاتر کردووە وەک دابەزاندنی بەهای دینار و لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا.
ئاماژە بەوەشدا، ئەگەر گۆڕانکاری لەو کۆمپانیایانە بکرێت کە کارەبا دابین دەکەن، عێراق قەیرانێکی ئەوتۆی لەو کەرتەدا نییە، بە تایبەت ئەگەر کۆمپانیای دیکە بێت و کار لە بەرهەمی گازی بەسرەدا بکەن.