هێرشی حووسییەکان نرخی نەوتی بەرزکردەوە

 بەهۆی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر وێستگە نەوتییەکانی سعوودییە و ئاڵۆزبوونی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاستی شەش هەفتەی رابردوو بەرز بووەوە.

بەهۆی هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر وێستگە نەوتییەکانی سعوودییە و مەترسیی پەرەسەندنی شەڕی شەش مانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە. 
نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتووەتە 104.68 دۆلار، هاوکات نەوتی تێکساسی ئەمریکا گەیشتووەتە 99.7 دۆلار.

ئەم بەرزبوونەوەیە هەردوو پێوەرەکەی نەوتی خاوی لە ئاستێکی بەرزدا هێشتەوە. بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک نرخی نەوتی برێنت بەرزترین ئاستی لە 23ـی تەممووزەوە تۆمار کرد و نرخی نەوتی تێکساسیش بەرزترین ئاستی لە 4ـی حوزەیرانەوە تۆمار کرد.

رۆژی سێشەممە، 08ـی ئەیلوولی 2026، حووسییەکان هێرشیان کردە سەر چوار شاری باشووری سعوودییە. لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا زیاتر لە 70 کەس بریندار بوون و ئاگر لە دامەزراوە نەوتییەکان کەوتەوە. لە بەرانبەردا میدیاکانی نزیک لە حووسییەکان بڵاویان کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودییە هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر قەزای جوبە لە رۆژهەڵاتی سەنعای پایتەخت و پارێزگای تەعز لە باشووری رۆژئاوا ئەنجام داوە.

دوای هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی شوباتدا و بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزە و کەشتییەکان لە گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە، هەناردەی نەوت لە ناوچەی کەنداو تووشی کێشە بووە. سعوودییە وەک دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی خاو لە جیهاندا لە دوای ئەمریکا، بۆ تێپەڕاندنی ئەو مەترسییانە نەوتەکەی بەرەو دەریای سوور دەنێرێت.

شارەزایانی بازاڕی دارایی "وۆڵ ستریت" پێشبینی دەکەن پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوەکوو ساڵی 2027 بەردەوام بێت. لەسەر ئەم بنەمایە، چەندین بانکی گەورەی جیهانی وەک گۆڵدمان ساکس و ئێچ ئێس بی سی پێشبینییەکانیان بۆ نرخی نەوتی خاو لە هەردوو ساڵی 2026 و 2027 بەرز کردەوە.