عێراق دەست بە هاوردەکردنی گازی سروشتی سووریا دەکات
بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی عێراقییە، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندووە، دەست بە هاوردەکردنی گازی سروشتی سووریا دەکەن.
K24 – ههولێر:
بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی عێراقییە، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندووە، دەست بە هاوردەکردنی گازی سروشتی سووریا دەکەن.
دوای کۆبوونەوەی ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق و بەسام تەعمە هاوتا سووریەکەی، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، دۆسیەی گاز سەرەکیترین بابەتی گفتوگۆی نێوانیان بووە.
هەروەها ئیحسان عەبدولجەبار بێ ئەوەی وردەکارییەک بخاتەڕوو رایگەیاند، بۆ هاوردەکردنی گازی سووریا لە ئەنجامدانی رێککەوتن نزیکن.
ئەمە لە کاتێکدایە بۆ دابینکردنی گازی سروشتی عێراق پێویستی بە هاوردە هەیە و بۆیە پەنای بۆ وڵاتانی دراوسێ بردووە، لە کاتێکدا لە دەستپێکی بەرهەمهێنانی گاز لە ساڵی 1927 لە کێڵگەی بابەگوڕگوڕ لە کەرکووک تاوەکو ئێستا گازی هاوتای نەوت بە هەدەردەدرێت.
بە گوێرەی راپۆرتەکان، عێراق نزیکەی سەدا 62ـی بەرهەمهێنانی گازی کە یەکسانە بە 196 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە هەدەر دەدات، ئەوەش زیانێکی گەورەی دارایی پێ گەیاندووە.