جەمال ئێمینکی: لە خانەقینەوە تا رۆژئاوایی دیجلە، بۆشایی ئەمنی لەنێوان پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق هەیە

"چەندین جار داوامان لەلایەنی عێراقی کردووە بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی و هاوبەشی بۆشایی ئەمنی پڕ بکەینەوە"
جەمال ئێمینکی سوپاسالاری پێشمەرگە
جەمال ئێمینکی سوپاسالاری پێشمەرگە

K24 - هەولێر

جەمال ئێمینکی، سوپاسالاری پێشمەرگە لەبارەی هێرشەکەی چەکدارانی داعش لە سنووری پردێ و دووبز راگەیاند، داعش سوودی لە بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق وەرگرتووە و پێشتر چەندین جار حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە کردووە، بەڵام هێزەکانی عێراق تا ئێستا ئەو بۆشاییە ئەمنەییان پڕنەکردووەتەوە.

جەمال ئێمینکی، بە کوردستان24ی گوت: "لە خانەقینەوە تا رۆژئاوایی دیجلە، بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق هەیە، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی چەکدارانی داعش خۆیان رێکبخەنەوە و هێرش و کردەوەکانیان زیاتر بکەن".

گوتیشی: "چەندین جار بە هێزەکانی عێراقمان گوتووە، بوونی بۆشایی ئەمنی هۆکارە بۆ چالاکبوونەوەی داعش، دەبێ بە هەماهەنگی و هاوبەشی بۆشاییەکە پڕ بکەینەوە، بەڵام هۆشدارییەکەمان بە هەند وەرنەگیراوە و لایەنی عێراقی بۆ رێکەوتن نەهاتووەتە پێشەوە".

جەمال ئێمینکی، ئاماژەی بەوەشکرد: "لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ لیژنەی وەزارەتی بەرگری عێراق لەسەر ئەوە رێکەوتبووین کە چوار ناوەندی هەماهەنگی بکەینەوە، بەڵام تائێستا تەنها دوو ناوەند کراونەتەوە، یەکێک لە هەولێر و ئەوەی دیکە لە بەغدا".

سوپاسالاری پێشمەرگە، هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە گوتی: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارانی داعش لە زوورگەزراو هێرشیان کردووەتە سەر سەنگەرەکانی لیوای 10ی هێزی پێشمەرگە، بەتوندی لەلایەن پێشمەرگە وەڵامی هێرشەکە درایەوە و هێرشی داعش تێکشکێندرا، لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە شەهیدبوون و دوو پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون".