حووسییەکان: بۆردومانی دوو کەشتیی نەوتهەڵگری سعوودییەمان کرد
حووسییەکانی یەمەن، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە رێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە راگەیاند، کە تێیدا دوو کەشتیی نەوتهەڵگری سعوودییەیان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا کردووەتە ئامانج.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان)ـی یەمەن، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی "جۆری"یان لە رێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامداوە و تێیدا دوو کەشتیی نەوتهەڵگری سعوودییەیان کردووەتە ئامانج.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، لە راگەیەنراوەکەدا ئاشکرای کرد: کەشتییە سعوودییەکانن بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆی دەریاییان پێشێل کردبوو، بۆیە هێرشمان کردە سەریان.
یەحیا سەریع ئاماژەی بەوەش کرد، کە هێرشەکە لە رێگەی ژمارەیەک مووشەکی بالیستی، مووشەکی کرووز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە و مووشەکەکان بە وردی لە ئامانجەکانیان داوە.
گوتەبێژی حووسییەکان جەختی کردەوە، کە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانیان دژی بەرژەوەندییەکانی سعوودییە. دەشڵێت: "ئێمە بەردەوامین لە چەسپاندنی هاوکێشەی (گەمارۆ بەرامبەر گەمارۆ) و تاوەکوو گەمارۆکانی سەر یەمەن کۆتاییان نەیەت، هێرشەکانمان ناوەستن."