سێنتکۆم: هێرشەکانمان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران دەستیانپێکرد
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت: دەستمان بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی نوێ بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران کردووە، ئەمەش بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی تاران لە ناوچەکەدا.
پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: کاتژمێر 5:30ـی ئێوارە بەکاتی ئەمریکا، هێزەکانی وڵاتەکە، بە فەرمانی راستەوخۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، شەپۆلێکی نوێی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر چەندین ئامانجی سەربازیی لە ئێران دەستپێکرد.
بە پێی راگەیەنراوەکە، ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە لە چوارچێوەی ستراتیژیی واشنتن دێت بۆ لاوازکردن و تێکشکاندنی تواناکانی ئێران لە دروستکردنی مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر دەریاوانە مەدەنییەکان و کەشتییە بازرگانییەکان کە بە ئاوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانی ناوچەکەدا تێدەپەڕن.
فەرماندەییەکە دووپاتی کردەوە، ئەم ئەرکە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی دڵنیایی تەواو دەدرێت لە پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی و رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی ئێران کە ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکان و بازرگانیی جیهانی.