کوەیت شەپۆلێکی هێرشی درۆنیی ئێرانی تێکشکاند
لە کاتێکدا واشنتن بە هاوکاریی ئیسرائیل تاوتوێی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە فراوانەکان دەکات دژی ئێران، تاران هێرشەکانی بۆ سەر خاکی کوەیت چڕتر کردووەتەوە و ژێرخانی مەدەنی ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای کوەیت، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، جارێکی دیکە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی تێکشکاندووە، ئەم رووداوە بە نوێترین زنجیرەی "دوژمنکارییەکانی تاران" دادەنرێت کە دامەزراوە و بنکە ستراتیژییەکانی کوەیتی کردووەتە ئامانج.
سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپا روونی کردەوە، ئەو دەنگی تەقینەوانەی لە ناوچە جیاوازەکان بیستراون، دەرئەنجامی بەرپەرچدانەوەی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی بووە بۆ هێرشە "دوژمنکارییەکان"، هاوکات داوای لە هاووڵاتییان کرد پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان بن بۆ پاراستنی سەلامەتییان.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە، پێگەی هەواڵیی "ئەکسیۆس" بڵاوی کردبووەوە، ئیدارەی ئەمریکا لەناو گفتوگۆیەکی چڕدایە بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان دژی ئێران.
بە پێی راپۆرتەکەی ئەکسیۆس، بژاردەی بەشداریکردنی ئیسرائیل لە هەر هێرشێکی سەربازیی داهاتوودا یەکێکە لە ئەگەرە کراوەکان.
لەسەر ئاستی دیپلۆماسی،ناسر هەین، نوێنەری هەمیشەیی کوەیت لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف، رایگەیاند: هەڵوێستی دوژمنکاریی ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و بێپێشینە.
جەختی کردەوە، ئێران بە شێوەیەکی راستەوخۆ و بە ئەنقەست ژێرخانی مەدەنی، بە تایبەت وێستگەکانی کارەبا و ئاو دەکاتە ئامانج، کە ئەمانە شادەماری ژیانی دانیشتووانن و بە ئامانجگرتنیان هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.