عێراق وەبەرهێنان لە گازی سروشتی دەکات

بڕیاریه‌ بڕێك گازی سرووشتی له‌ سووریا بكڕێت

كێڵگه‌یه‌كی گازی سرووشتی له‌ عێراق
كێڵگه‌یه‌كی گازی سرووشتی له‌ عێراق

K24 - هه‌ولێر:

وەزیری نەوتی حکومەتی عێراق رایگەیاند، بە نیازن بە قەبارەی 1500 ملیۆن پێ سێجا وەبەرهێنان لە سێکتەری گازی سرووشتی بکەن و تاوەکو ساڵی 2025، ئاستی وەبەرهێنانەکانی لەو سێکتەرە بۆ 4000 ملیۆن پێ سێجا بەرزبکەنەوە.

عەبدولجەبار ئیسماعیل، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەیان کار لەسەر جێبەجێکردنی سێ پرۆژەی وەبەرهێنانی گازی سرووشتی دەکەن لە پارێزگاکانی بەسرا، میسان و زیقار، توانای بەرهەمهێنانی ئەو پرۆژانەش رۆژانە 1000 ملیۆن پێ سێجا دەبێت.

هاوکات ئاشکراشیکرد وەزارەتەکەیان سەرکوتووبووە لە گەڕاندنەوەی گرێبەستی گازی مەنسووریە لە پارێزگای دیالە بۆ یەکێك لە کۆمپانیا گەورەکانی وڵاتی چین بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی تێدا بکات، چاوەڕوانیش دەکرێت قەبارەی گازی سرووشتی لەو کێڵگەیە بگاتە ئاستی 300 ملیۆن پێ سێجا.

وەزیری نەوتی عێراق ئاشکراشیکرد، دەمانەوێت بەر لە ساڵی 2025 بڕی 10 هەزار مێگاوات کارەبا لە رێگای وەبەرهێنان لە وزەی پاک دەستبخەین ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان.

گوتیشی :ئێستا رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا خەرج دەکەین بەڵام لە رێگای وەبەرهێنانەکانمان دەمانەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکەین و  وێستگەکانی کارەباش بگۆڕین بۆ گازی سرووشتی کە ئەمە هەم خەرجییەکەی کەمترە و هەمیش کاریگەری لەسەر ژینگە کەمترە".

تا ئێستاش عێراق، به‌شێك له‌ وزه‌ی كاره‌با له‌ وڵاتی ئێران ده‌كڕێت و بڕیاریشه‌ بڕێك گازی سرووشتی له‌ سووریا بكڕێت، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك سووته‌مه‌نی سه‌ره‌كی به‌شێك له‌ وێستگه‌كانی كاره‌با به‌كاریبهێنێت.

م. ھ