سەندیکای کرێکاران.. بەشێك لە خاوەنکارەکان فێڵ لە کرێکاران دەکەن
جهژنی كرێكاران چییه و بۆچی 1 ئایار دهبێته پشوو؟
K24 - ههولێر:
سەرۆکی مهكتهبی جێبەجێکاری سەندیکاری کرێکارانی کوردستان ئاشکرایکرد تاوەکو ئێستا ژمارەی دروستی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان نازاندرێت، بەپێی داتاکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش 115 هەزار کرێکار تۆمارکراون.
هەنگاو عەبدوڵڵاخان، سەرۆکی مەکتەبی جێبەجێکاری سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە کوردستان 24ی راگەیاند: بەپێی دوایین داتاکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی 115 هەزار کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتیان بۆ کراوە و لەو ژمارەش نزیکەی 9 هەزار کرێکاری بیانییە.
ژمارهی كرێكاران له كوردستان
بەپێی قسەی عەبدوڵڵاخان، نازانرێت ژمارەی تەواوی کرێکارانی کوردستان چەندە بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری کرێکار تاوەکو ئێستا تۆمار نەکراون و دەستەبەری کۆمەڵایەتیان بۆ ئەنجام نەدراوە، هەر بەپێی داتاکان لە ساڵی رابردوو 35 کرێکار لە کاتی کارکردن گیانیان لە دەستداوە.
لەبارەی مافی ئەو کرێکارانەی کە گیانیان لە دەستداوە، ئەو بەرپرسەی سەندیکای کرێکاران گوتی: "ئەگەر دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کرابێت ئەوا بەپێی یاسای خانەنشینی مافەکانیان بۆ وەردەگیرێت ئەگەر دەستەبەری کۆمەڵایەتیشیان بۆ نەکرابێت خێزانەکانیان دەتوانن لە دادگای کار سکاڵا دژی خاوەن کارەکان تۆمار بکەن و مافی کرێکارەکە بگەڕێننەوە".
فێڵی خاوهنكاران له كرێكاران
لە هەرێمی کوردستان بەشێک لە خاوەن کارەکان فێڵ لە سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و کرێکارەکان دەکەن و مافی کرێکارەکانیش نادەن ئەمە بەپێی قسەی عەبدوڵڵاخان، لەو بارەوە عارف حیتۆ بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەمەی رەتکردەوە و گوتی: "ئێمە هێڵێکی تایبەتمان بە ژمارە 5500 هەیە بۆ ئەوەی هاوکاری ئەو کرێکارانە بکەین کە دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ نەکراوە و لە رێگای لیژنەکانمان سەردانی خاوەن کارەکە دەکەین".
لەبارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە سەرۆکی مەکتەبی جێبەجێکاری سەندیکای کرێکارانی کوردستان گووتی، هەر کرێکارێك کە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ دەکرێت سەدا 17ی ئەو داهاتەی کە مانگانە وەریدەگرێت دەدرێت بە سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لەو رێژەیەش سەدا 12 خاوەنکارەکە دەیدات و سەدا 5یش کرێکارەکە.
جهژنی كرێكاران چییه و بۆچی 1 ئایار دهبێته پشوو؟
لە یەکی ئایاری 1886دا، 340 هەزار کرێکار لە شیکاگۆ دەستیان بە مانگرتنکرد بە دروشمی 8 کاتژمێر کارکردن، 8 کاتژمێرپشوودان، 8 کاتژمێر خەوتن، کە لەلایەن یەکێتی ئەمهریکا بۆ کار رێکخرابوو، بەهۆی توندوتیژی و بەردەوامی گردبوونەوەکان و دواتر تەشەنەسەندنی بۆ ئەوروپا لە ساڵی 1889 بزووتنەوەی کرێکارانی ئەوروپا مانگرتنی سەرتاسەری لە ئەوروپا راگەیاند لە پێناو 8 کاتژمێر کارکردن دواتر ئەو رۆژە وەک رۆژی کرێکارانی جیهان دیاریکرا و له زۆربهی وڵاتانی جیهان به یاسا كراوهته پشووی فهرمی.
م. ھ