هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا 8 هێندە بەرزبووەتەوە

عێراق رۆژانە نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات

نەوتی عێراق
نەوتی عێراق

K24 - هەولێر

بەپێی راپۆرتی فەرمانگەی وزەی ئەمەریکی کە هەفتانە داتاکان بڵاودەکاتەوە، ئاستی هەناردەکاری نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا هەشت هێندە زیادیکردوە، لەسەر ئاستی هەفتانە و لە هەفتەی رابردووش ئەو وڵاتە 5.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە 7 وڵاتی جیاوازەوە هاوردەکردووە.

بەگویڕەی داتاکانی ئەو دامەزراوەیە لە هەفتەی رابردوو ئەمەریکا رۆژانە 270 هەزار بەرمیل نەوتی هاوردەکردووە لە عێراق، ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی پێشووتر ئاستی هەناردەکاری نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا 34 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بوو.

لەلایەکی دیکەوە ئەو دامەزراوەیە لە راپۆرتەکەیدا ئاشکرایکردووە، هەفتەی رابردوو ئاستی هاوردەکاری نەوت لەلایەن ئەمەریکاوە بەرزبووەتەوە بۆ 5.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە ئەمەش 1.2 ملیۆن بەرمیل زیاترە لەو ئاستەی کە لە هەفتەی پێشووتر هاوردەی کردبوو.

هەروەها بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، حکومەتی عێراق رۆژانە نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.

محەمەد هادی