لیزا فەلەکەدین بیرۆکەی "وزەی خۆر وەك سەرچاوەیەك بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا" دەخاتەڕوو

"بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر دوو سوودی سەرەکی هەیە"
لیزا فەلەکەدین - ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
لیزا فەلەکەدین - ئەندامی پەرلەمانی کوردستان

K24 – هەولێر

بڕیارە لە کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی کوردستان، بیرۆكەی پەرلەمانتار لیزا فەلەکەدین پەیوەست بە (وزەی خۆر وەك سەرچاوەیەك بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لەهەرێمی كوردستان) بخرێتەڕوو.

لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 لەبارەی بیرۆکەکەی لیزا فەلەکەدین گوتی: "ئەو بیرۆکەیە لەوە هاتووە، کە پڕۆژەکە دوو سوودی زۆر گرنگی دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان، یەکەم دروستکردنی کارەبا بە وزەی خۆر نابێتە مایەی زیانگەیاندن بە ژینگە، لایەنێکی گرنگە و لە راپۆرتی خۆمدا باسم کردووە. دووەم بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر دەتوانرێت بڕێکی زۆری خەرجی لە کەرتی کارەبا کەمبکرێتەوە".

گوتیشی: "دابینکردنی سوتەمەنی بۆ کارەبا لە هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە ملیۆنێک و 700 هەزار دۆلارە، کە ئەمە مانگانە و ساڵانە دەکاتە بڕێکی زۆر، ئەگەر ئەو بڕە پارەیە بۆ دروستکردنی کارەبا بە وزەی خۆر تەرخان بکرێت قازانجی زۆر دەبێت، هاوکات ژینگە لەو مەترسیانە رزگار دەکەین کە رووبەڕووی بووەتەوە".

لیزا فەلەکەدین، روونیکردەوە: "بۆ هەر ساڵێک ‌حکومەت پێویستی بە نزیکەی 600 و 12 ملیۆن دۆلارە بۆ دابینکردنی سوتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەگەر بەو بڕە پارەیە کێڵگەیەکی بەرهەمێهنانی کارەبا بە وزەی خۆر دروستبکەین، دەتوانێت نزیکەی 700 میگاوات کارەبا بدات و کارەبای 90٪ی هەولێر دەدات، هەر کێڵگەیەکیش ئەگەر بە کوالێتی باش دروست بکرێت دەتوانێ 25  ساڵ کارەبا بەەرهەم بێنێت".

راشیگەیاند: "بۆیە دەمەوێت لە پەرلەمان بە وردی باسی بیرۆکەکە بکەن، بۆ ئەوەی سەرنجی پەرلەمانتارەکانی دیکەش رابکێشم، تا لە داهاتوودا لۆبی بۆ دروستبکەین و بیرۆکەی باشتر لەوبارەوە پێشنیاز بکەین".