لە سێ کاتژمێردا بەسەر یەکەوە سێ بوومەلەرزە پارێزگای ورمێیان هەژاند

بەڕێوەبەری ناوەندیی قەیرانەکانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، شەوی رابردوودا لە ماوەی سێ کاتژمێردا، سێ بوومەلەرزە بە گوڕی جیاواز شاری خۆی سنووری پارێزگاکەیان هەژاند.

حامد سەفاری بەڕێوەبەری قەیرانەکانی ورمێ بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2026، بە ئاژانسی ئێرنای راگەیاند، بوومەلەرزەکانی شەوی رابردوو خۆشبەختانەی هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێیان لەنێو دانیشتووانی شاری خۆی بڵاوکردووەتەوە.

بە گوتەی سەفاری بوومەلەرزەی یەکەم بە گوڕی 3,6 لە کاتژمێر 10:51 خولەک تۆمارکراوە، بوومەلەرزەی دووەم لە هەردوو حاڵەکەی پێش و پاش خۆی بەهێزتربوو، بە گوڕی 4,3 پلەی رێختەر لە کاتژمێر 12:55 خولەک و بوومەلەرزەی سێهەمیش بە گوڕی 3,6 لە کاتژمێر 01:12 خولەک تۆمارکراوە و ناوەندی هەرسێ بوومەلەرزەکەش شارۆچکەی فەیرووڕەق بووە، کە لە باکووری رۆژئاوای پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەوێتە نزیک سنووری هەر پارێزگای ئاگر و وان لە باکووری کوردستان.

بەڕێوەبەری ناوەندیی قەیرانەکانی پارێزگای ورمێی رایگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەی بوومەلەرزەکان هیچ زیانێکی گیانی و ماددی ئەتۆیان نەبووە، بەڵام تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاریی خێرا و مانگی سوور خراونەتە ئامادەیی بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.