سەربازیی زۆرەملێ هۆکاری سەرەکی دەستبەرداربوونی ئۆکرانییەکانە لە رەگەزنامەکەیان

سکرتێری پێشووی سەرۆکی ئۆکراینا رایدەگەیەنێت، سەربازی زۆرەملێ هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی پیاوانی ئۆکرانیا دەستبەرداری رەگەزنامەی وڵاتەکەیان ببن و  نەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.

یولیا میندڵ، سکرتێری پێشووی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (X) نووسیویەتی: "زۆرێک لەو هاووڵاتییە ئۆکرانییانەی رەگەزنامەی بیانییان هەیە، پێیان باشترە دەستبەرداری پاسپۆرتە ئۆکرانییەکانیان بن".

میندڵ ئاماژەی بەوەش کردووە، گومانی تێدا نییە کە سەربازی زۆرەملێ یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی پشت خواستی پیاوان بۆ دەستبەرداربوون لە رەگەزنامەی ئۆکرانی، هاوکات بە دووریشی زانیوە ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات رەگەزنامەی دیکەیان وەرگرتووە، جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ ئۆکرانیا.

پێشتریش ئەو بەرپرسەی پێشووی ئۆکرانیا رایگەیاندبوو، ئەو پیاوە ئۆکرانییانەی لە تەمەنی سەربازیدان، پێیان باشترە رووبەرووی ورچ ببنەوە نەک بچنە هێڵەکانی پێشەوەی بەرەکانی جەنگ.

لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگ و درێژکردنەوەی باری نائاسایی لە ئۆکرانیا، سەربازی زۆرەملێ بە سەرچاوەی سەرەکی بۆ پرکردنەوەی ریزەکانی سوپا دادەنرێت و ئەو پیاوانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە نێوان 25 بۆ 60 ساڵیدایە.

چین و رێکارەکان

پیاوان (25 بۆ 60 ساڵ): سەرجەمیان دەکەونە ژێر باری سەربازی زۆرەملێ و ئامادەباشییەوە بۆ خزمەتی سەربازی.
گەشتکردن بۆ دەرەوە: بەپێی هەموارە یاساییەکان، رێگە بە پیاوان دراوە تا تەمەنی 23 ساڵی گەشتی دەرەوەی ئۆکرانیا بکەن.
ئافرەتان: چوونە ریزەکانی سوپا و بەرەکانی جەنگ بۆ ئافرەتان بە شێوەی ئارەزوومەندانە و بە گرێبەست ماوەتەوە، بەڵام بەپێی بریاری ژمارە 97، زانکۆکان پابەند کراون لە ماوەی حەوت رۆژدا لیستی ناوی دەرچووانی بەشەکانی پزیشکی، دەرمانسازی و پسپۆرییە پزیشکییەکان رەوانەی ناوەندەکانی سەربازی بکەن، بۆ ئەوەی بە شێوەی ئەلیکترۆنی تۆمار بکرێن.

ئالنگاری و چاکسازییەکان

شێوازەکانی خۆدزینەوە: حالەتەکانی هەوڵدان بۆ هەڵاتن لە خزمەتی سەربازی روو لە زیادبوونن، هاوکات راپۆرتەکان ئاماژە بە راگرتنی زۆرەملێی پیاوان لە بازگە و شەقامەکان و گواستنەوەیان بۆ ناوەندەکانی سەربازی دەکەن، کە لە ناوخۆدا بە دیاردەی "بۆسیفیکەیشن" ناسراوە.
ماندووبوون و جێهێشتنی یەکەکان: سوپای ئۆکرانیا بەهۆی درێژەکێشانی شەر و ماندووبوونەوە رووبەرووی ئاستەنگی هێشتنەوەی هێزەکانی بووەتەوە، ئەمەش وایکردووە بەشێک لە سەربازەکان بەبێ مۆڵەت یەکەکانیان جێبهێڵن.
پاکێجی چاکسازییەکان: حکوومەتی ئۆکرانیا چەند رێکارێکی بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە راگەیاندووە، لەوانە؛ بەرزکردنەوەی مووچە، دابینکردنی ماوەی پشووی درێژتر دوور لە بەرەکانی جەنگ، دیاریکردنی ماوەی روون بۆ گرێبەستە سەربازییەکان، هەروەها دەرکردنی لێبووردن بۆ ئەو سەربازانەی یەکەکانیان جێهێشتووە بە مەرجێک لە ماوەیەکی دیاریکراودا بگەرێنەوە.