ژمارەی عومرەکاران بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیووە
"ئەمساڵ نزیکەی (250) کەس عومرەیان ئەنجامداوە"

K24- هەولێر:
بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێنماییەکانی خۆپارێزی، ژمارەی عومرەکاران بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیووە، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافیش دەڵێت، رێنماییەکان قورسن، بەو هۆیەوە خواست لەسەر ئەنجامدانی عومرە کەمبووەتەوە.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێم بە کوردستان24ی راگەیاند، پێش کۆرۆنا ساڵانە نزیکەی (26) هەزار هاووڵاتی بۆ ئەنجامدانی عومرە سەردانی وڵاتی سعودیەیان دەکرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کۆرۆنا تاوەکو ئێستا نزیکەی (250) کەس عومرەیان ئەنجامداوە.
سەبارەت بە رێنماییەکانیش "نەبەز ئیسماعیل" ئاشکرایکرد، دوو مەرجی سەرەکی هەیە، کە کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی ژمارەی عومرەکان هەبووە، ئەو دوو مەرجەش وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا و تەمەنن، کە پێویسته ئەو کەسانەی بە نیازی گەشتی عومرەن، تهمهنیان لە نێوان 18 تا 50 ساڵ بێت.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ئەوقاف ئاشکراشیکرد، لە (21)ی ئادارەوە پڕۆسەی ئەنجامدانی عومرە دەستیپێکردووەتەوە و بۆ ئەمساڵیش تەنیا (9) کۆمپانیا کاروبارەکانی عومرە بەڕێوەدەبەن، لەکاتێكدا ساڵانی پێش کۆرۆنا زیاتر لە (100) کۆمپانیا ئەو کارەیان دەکرد.
لهبارەی پرۆسەی حەج روونیكردهوه، تاوەکو ئێستا هیچ رێنماییەکمان بۆ نەهاتووە، کە پڕۆسەی حەج چۆن بەڕێوەدەچێت، بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی حەجیش هەمان ئەو کەسانەی کە لە تیروپشکی (19ی كانوونی یهكهمی 2019) ناویان دەرچووبوو، بەشداری پڕۆسەی حەج دەکەن، کە ژمارەیان (4) ههزار و (350) هاووڵاتییە، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت رێوشوێنەکان چۆن دەبێت و پشکی کوردستانیش بۆ ئهمساڵ چەند دەبێت.
م.هـ