ھۆشداری لە زیادبوونی بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە ماددە ھۆشبەرەکان دەدرێت

بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە ماددە ھۆشبەرەکان لەلایەن ئافرەتان زیادی کردووە

ماددە هۆشبەرەکان
ماددە هۆشبەرەکان

K24 - هەولێر

ھۆشداری لە بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە ماددە ھۆشبەرەکان لە ھەرێمی کوردستان دەدرێت. شارەزایانیش پێیان وایە لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە، ئەوەی مەترسییەکەشی زیاتر کردووە کێشانی ماددەی ھۆشبەرە لە ناو ئافرەتاندا، کە بەراود بە چەند ساڵی رابردوو بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.

بەڕێوبەری گشتی چاکسازییەکان لە ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێویستە پەلە بکرێت لە دروست کردنی ھەردوو سەنتەری چارەسەری و شیاندنەوەی ئەو کەسانەی ماددەی ھۆشبەر بەکاردەھێنن تا مەترسییەکان زیاترنەبووە.

کەم رۆژ ھەیە باندێکی بازرگانیکرد و بەکارهێنانی ماددەی ھۆشبەر لە ھەرێمی کوردستان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرنەکرێت. بەرپرسانی ئەمنیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ھەندێک وڵاتی ناوچەکە و ناوخۆی عێراقیش دەیانەوێت ھەرێمی کوردستان بکەنە شوێنی گواستنەوەی ماددەی ھۆشبەر بۆ دەوروبەر .

لە ساڵی 2017‌‌وە تا ئێستا بە شێوەیەکی مەترسیدار ئامارەکانی کێشان و بازرگانیکردن بە مادەی ھۆشبەر لە بەرزبوونەوەیە، بەڕێوەبەری چاکسازییەکان ئاشکرای دەکات بارودۆخەکە مەترسیدارە و حاڵەتەکان لە زیادبوونە بەڵام  ھێزە ئەمنییەکان زۆر چاوکراوەن لە ئاست ئەم بابەتەدا و ھەمیشە بەدواداچوونی ورد دەکەن

ئەحمەد نەجمەدین، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستان نە کوردستان24ی راگەیاند: "هەندێک لە بازرگانانی وڵاتان و ناوخۆی عێراق هەوڵدەدەن هەرێمی کوردستان وەک ترانزێت بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەکاربێنن. هێزەکانی ئاسایش لەسەر سنوورەکان رۆڵی کاریگەریان هەیە لە رێگریکردن لە بازرگانان، بەڵام بەداخەوە خەڵکی زۆر هەیە بۆ پەیداکردنی پارە هەوڵدەدات بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بکەن".

مەترسی ماددە ھۆشبەرەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگە لە زیادبوونە و بەیاساش لە پەرلەمان قورسترین سزای بۆ دانراوە. لە ماوەی رابردووشدا یاسای رووبەڕووبوونەوەی ماددەی ھۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان پەسندکرا.

یاسن خدر، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد: "ئەگەر بەمشێوەیە بڕوات چەند ساڵێکی دیکە وای لێدێت، خەڵێکی زۆر ئاڵودەی ماددە هۆشبەرەکان دەبن، بۆیە دەبێ سزاکان بۆ بازرگان و بەکارهێنەران توندتر بکرێن".

بەپێی ئەو ئامارەی لە بەردەست بەڕێوبەرایەیتی چاکسازییەکانە ئێستا 875  سزادرا و لە چاکسازییەکاندا ھەن کە بەشێکیان بازرگانیان بە ماددە ھۆشبەرەکان کردووە و بەشێکیشیان بەکارھێنەرن. ئەمە جگە لەوەی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر لە ناو ئافرەتان بەراورد بەساڵانی رابردوو زیادیکردووە. لەساڵی 2018 تەنھا 2 ئافرەت بەھۆی ماددەی ھۆشبەرەوە لە چاکسازییەکان بوون، بەڵام ئێستا 50 ئافرەتی سزادراو ھەن.

ه.م