لەمەودوا گەشتیاران دەتوانن بە 10 خولەک بگەنە سەر چیای زاوا

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی تەلەفریکی چیای زاوای لە دهۆک کردەوە

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ پڕۆژەی تەلەفریکی چیای زاوا لە دهۆک لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە و بەرپرسی راگەیاندنی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکەش رایدەگەیەنێت، لەمەودوا گەشتیاران بە ماوەی 10 خولەک دەگەنە سەر چیای زاوا.

جەلال محەمەد سەبری، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمپانیای یوبی هۆڵدینگ، لە رێوڕەسمی کردنەوەی تەلەفریکی چیای زاوا لە دهۆک رایگەیاند: "ئەو پڕۆژەیە درێژەپێدەری پڕۆژەکانی گەشتیاریی و خزمەتگوزارییە، درێژی پڕۆژەکە 3500 مەترە و بەرزی 500 مەترە، لە 26 کابینە پێکهاتووە، هەر کابینەیەک 8 کەس هەڵدەگرێت، لە ماوەی 10 خولەکدا گەشتیاران دەگەیەنێتە سەر چیای زاوا، هەروەها لە یەک کاتژمێردا هەزار کەس بۆ ناو بەشەکانی پڕۆژەکە دەگوازێتەوە".

ئاشکراشی کرد: "تێچووی پڕۆژەکە 30 ملیۆن دۆلارە، لە قۆناغی یەکەم دا خواردنگە و کافتریا و باخچە و نافوریەکی سەماکەر لەگەڵ دەنگی موزیک کراونەتەوە، لە قۆناغی داهاتوودا، چەند بەشێکی دیکە لەناو پڕۆژەکە دەکرێنەوە".

بەرپرسی راگەیاندنی کۆمپانیای یوبی هۆڵدینگ، ئاماژەی بەوەدا: "جگە لەوەی پڕۆژەکە خزمەتی بەرچاو بە کەرتی گەشتوگوزار دەکات و سوودی دەبێت بۆ زیادکردنی داهاتی ناوخۆ، لە هەمانکاتدا هەلی کار بۆ ژمارەیەک گەنج دەڕەخسێنێ".

گوتیشی: "هەماهەنگی باش لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەت هەیە، ئەمەش وایکردووە رۆژانە پڕۆژە لە هەرێمی کوردستان بکرێنەوە".

راشیگەیاند: "تائێستا وەک کۆمپانیا توانیومانە 12 قوتابخانەی هاوچەرخ دروست بکەین و رادەستی وەزارەتی پەروەردەی بکەین، ئەمەش کەمترین پڕۆژەیە وەک وەفایەك بۆ قوتابیان و پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، هاوکات هاوکاری ئاوارە و پەنابەرانمان کردووە".