داوا دەکرێت جەژن بکرێتە دەرفەتێک بۆ یەکڕیزی کورد
"بە یەکڕیزی دەتوانین دەستکەوتەکان بەدەستبێنین"
K24 - هەولێر
لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکان جەژنی رەمەزان بە دەرفەت دەزانن، بۆ یەکریزی و یەکگرتوویی نێو ماڵی کورد، دەشڵێن "دۆخەکە پێوستی بەیەک دەنگی و یەک ھەڵوێستی ھەیە، ئەگەر نێو ماڵی کورد یەک نەبێت مەترسی لەسەر دەستکەوتەکان دەبێت".
جەژن و بۆنە ئاینییەکان دەرفەتێکی باشن بۆ نزیک بوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە ململانیێ و گرژیی نێوان لایەنە سیاسییەکان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی ھاووڵاتییان دەبێت، لە جەژنی رەمەزان پەیامی لایەنە سیاسییەکان یەکریزی و یەکگرتوویی و تەباییە، ھەمووان کۆکن کە دۆخەکە زۆر ھەستیارە و ئەگەر یەک دەنگ نەبن مەترسی لەسەر دەستکەوت و قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستان دەبێت.
ئەحمەد شێروانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "پێویستە لایەنە سیاسییەکان ناوماڵی کورد رێکبخەن، بۆ ئەوەی پێکەوە مافە رەواکانی گەلی کورد بە دەستبێنین".
گوتیشی: "لەم جەژنەدا هیوای یەکڕیزی بۆ گەلی کوردستان دەخوازم، تاکی کورد تاقەتی ململانێ و کێشەی لایەنە سیاسییەکانی نەماوە و دۆخەکە پێویستی بە ئارامی و سەقامگیرییە".
پێکەوەژیانی پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان، یەکێکە لە فاکتەرە بەھێزەکان، ئەمەش لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بایەخی گرنگی پێدەدرێت، لە جەژنی رەمەزاندا کریستیانەکان پیرۆزبایی جەژن لە موسڵمانانی کوردستان دەکەن و داوای یەکڕیزی لە لایەنە سیاسیەکانیش دەکەن.
خالید ئەلبێرت، نوێنەری کریستیانەکان لە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێ: "هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ خەڵکی کوردستان، ئێستا یەکڕیزی لە هەموو کاتێک پێویستترە، بۆیە دەخوازین لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان یەکدەن و یەکهەڵویست بن".