وه‌زاره‌تی رۆشنبیری: رێكاری یاسایی ده‌گرینه‌ به‌ر

داوا لە دەستەى سەرۆکایەتى داواکارى گشتى دەکات، هەموو رێکارێکى یاسایی بەرامبەر  ئەو دەزگا راگەیاندن و پەیجانەى سۆشیال میدیا و پەیامنێر و وێنەگرانەى کە رووماڵى  رووداوەکەیان کردووە، وەربگرێت
دیمه‌نێكی رووداوه‌كه‌
دیمه‌نێكی رووداوه‌كه‌

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه‌، رایگه‌یاندووه‌، رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر به‌ رووداوی رووماڵی حاڵه‌تی خۆسووتاندنی گه‌نجێك له‌ هه‌ولێر ده‌گرێته‌ به‌ر و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوایه‌ك ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتیی ده‌كات.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌

راگەیه‌ندراوێک لە وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوانەوە

بۆ بەدواداچوونى ئەو رووداوە دڵتەزێنەى ئەمڕۆ روویدا، کە چەند کەناڵێکى راگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا راستەوخۆ گواستییانەوە،  گەنجێک لە بەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان لەشارى هەولێر، خۆى سوتاند، لایەنە پەیوەندیدارەکانى وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان کۆبوونەوە، دۆخی ئێستاى راگەیاندن و سۆشیال میدیاى لە هەرێمى کوردستاندا، لە رووى ئیتیکى رۆژنامەوانى و بەرپرسیارێتى کۆمەڵایەتیەوە، بە دۆخێکى نالەبار و خراپ وەسف کرد و دەیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتى یاسایی و کۆمەڵایەتیەوە.

وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان، لە رێی بەرێوەبەرایەتیى گشتى راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەوە، وێڕای رێنمایی ژمارە (1)ى ساڵى 2014 بەتایبەتیش بڕگەى سێیەم، هەروەها ئاگادارینامەیەکى لە 2/5/2021 دا داوە بەهەموو کەناڵەکانى راگەیاندن کە خۆیان بەدووربگرن لە پەخشکردنى ئەو هەواڵ و ریپۆرتاژ و بەرنامانەى دەچنە خانەى بڵاوکردنەوە و هاندانى توندوتیژى و کوشتن و خۆکوشتن، کە لە رووى دەروونیەوە زەمینەیان بۆ خۆش دەکەن.

لە ئەگەرى پابەند نەبوونیان بەو رێنماییانەوە، لە رێی دەستەى داواکارى گشتى و لەبەر رۆشنایی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانى هەرێمى کورستان، رێکارى یاساییان بەرامبەر وەردەگیرێت.

ئەوەى ئەمڕۆش روویدا، دەچێتە هەمان خانەوە، وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان جگە لە جێبەجێ کردنى ئەرکى وەزارەت بە پێی ئەو رێنماییانەى ئاماژەیان پێکراوە، داوا لە دەستەى سەرۆکایەتى داواکارى گشتى دەکات، هەموو رێکارێکى یاسایی بەرامبەر  ئەو دەزگا راگەیاندن و پەیجانەى سۆشیال میدیا و پەیامنێر و وێنەگرانەى کە رووماڵى  رووداوەکەیان کردووە، وەربگرێت.

وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان

18/5/2021