وەزارەتی دارایی بۆ بە هەمیشەیی کردنی ژمارەیەک فەرمانبەرانی گرێبەست پێشنیازێک دەخاتەڕوو

"بەپێی پێویستی وەزارەتەکان فەرمانبەرانی گرێبەست بە هەمیشەیی بکرێن"

پەروین نووری، بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان
پەروین نووری، بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی ئاشکرای کرد، لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستان پێشنیازیان کردووە بەپێی پێوستی وەزارەتەکان ژمارەیەک فەرمانبەری گرێبەست بکرێنە هەمیشەیی، بۆ ئەو وەزارەتانەی کە پێوستیان بە میلاکاتی ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە دەبێت.

پەروین نووری، بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوتوە: " لە پڕۆژەیاسای بودجەدا ئەوەی پەیوەندی بە گرێبەستەکانەوە هەیە میلاکاتە، لە حکومەتی فیدراڵی عێراق، میلاکاتی ئێمە بە 682 هەزار 26 کەس چەسپێنراوە، لە ساڵی 2014  و 2017ەوە کەئەو ژمارەیەمان بۆ چەسپێنراوە، ئیتر هیچ میلاکاتی دیکەمان بۆ زیاد نەکراوە، ئەمەش هۆکاربووە بۆ ئەوەی نەتوانین خەڵک دابمەزرێنین و گرێبەستەکان بکەینە هەمیشەیی، لەگەڵ ئەمەشدا ساڵی رابردوو 5 هەزار مامۆستای گرێبەست کران بە هەمیشەیی، هەروەها ژمارەیەک لە یەکەمەکانی زانکۆکان و پزیشکەکان دامەزرێنران".

گوتیشی: "وەک وەزارەتی دارایی لە پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ئەمساڵ، ئەو میلاکە بەتاڵانەی کە هەن بەهۆی خانەشینکردن و مردن، یان رۆیشتنیان لە کارەکان، پێشنیازمان کردووە ئەو میلاکانە لەرێگەی بە هەمیشەیی کردنی گرێبەستەکانەوە پڕ بکرێنەوە، واتە لەوەدا (ئەولەویەت) بە گرێبەستەکان بدرێت و هەروەها خزمەتی فەرمانبەری گرێبەست لەبەرچاو بگیرێت، بۆ ئەوەی ببنە فەرمانبەری هەمیشەیی".

 

Fly Erbil Advertisment