سوپای پاسداران: دوو راداری پاتریۆتی ئەمەریکامان لە بەحرەین کردووەتە ئامانج
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێزی ئاسمانی و بۆشاییگەریی سوپای پاسداران لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا، دوو راداری سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆتی سوپای ئەمەریکایان لە بنکەکانی ریفاع و عەوالی لە بەحرەین کردووەتە ئامانج.
بە گوێرەی راگەیاندراوەکەی سوپای پاسداران ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە بە کۆدی (یا ئومولبەنین) و لە وەڵامی ئەوەی بە «بەردەوامیی دەستدرێژی و پێشێلکردنی ئاسمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران» ناوی بردووە، ئەنجام دراوە.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە بەرەبەیانەوە ئۆپەراسیۆنە پڕتێچووەکانی یاوەریکردن و پاراستنی ئاسمانیی سوپای ئەمەریکا لە ناوچەکەدا نەک هەر نەگەیشتوونەتە ئامانجەکانیان، بەڵکوو زیانی زۆریش بەر کەلوپەل و کەشتییەکانی ژێر پاراستنیان لە دەریا و ئاسماندا کەوتووە.
سوپای پاسداران باسی لەوەش کردووە کە لە درێژەی ئەو جموجۆڵانەدا و بە هۆی پێشێلکردنی ئاسمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێری و جەنگیی جۆری MQ-1 و MQ-9ی سوپای ئەمەریکاوە، پێگە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە هەردوو بنکەی ریفاع و عەوالیی بەحرەین کراونەتە ئامانجی هێزی ئاسمانی و بۆشاییگەریی سوپای پاسداران.
سوپای پاسداران هۆشداریی داوە کە ئاسمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێڵی سووری هێزە چەکدارەکانی وڵاتە و پێشێلکردنی ئاسمانی ئێران لەلایەن هەر وڵات و هێزێکەوە بێت، بەبێ وەڵامی توند و یەکلاکەرەوە تێناپەڕێت.
هەر رۆژی شەممە، وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین رایگەیاندبوو، لە ئەنجامی هێرشێکی ئێراندا دامەزراوەیەکی پیشەسازیی مەدەنی کراوەتە ئامانج و ئاگری تێکەوتووە بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە.