عێراقچی: نێوەندگیرەکان بەردەوام بیرۆکە و پێشنیاز دەگوازنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تا داواکارییەکانی تاران جێبەجێ نەکرێن، پرسی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز لە ئارادا نابێت، هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆ و بەرگریکردن لە خۆی دووپات کردەوە.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی رۆژی نیشتمانیی عوممان لە تاران رایگەیاند، ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر ئێران بە تەواوی نایاساییە و هیوای خواستووە لە رێگەی رێڕەوێکی ژیرانەوە هەڵبگیرێت.

عێراقچی گوتی: تا داواکارییەکانی ئێران نەیەنە دی، پرسی گەرووی هورمز و دووبارە کردنەوەی لە ئارادا نابێت، لە هەمان کاتیشدا هەمیشە رامانگەیاندووە کە ئامادەین بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان و هەروەها ئامادەشین بۆ بەرگریکردن لە خۆمان.

وەزیری دەرەوەی ئێران داواشی کرد دەرفەت بەو گفتوگۆیانە بدرێت کە لە ناوچەکەدا بەڕێوە دەچن و هەوڵەکانی نێوەندگیری بەردەوام بن.

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی سەردانی شاندێکی قەتەر بۆ تاران و ئەوەی ئایا پەیامێکیان پێ بووە یان نا، عێراقچی گوتی: ئەو سەردانە شتێکی نامۆ نییە، و روونی کردەوە کە نێوەندگیرەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بەردەوامی لە جووڵەدان و لە کاتی دیدارەکانیاندا بیرۆکە و پێشنیازەکان دەگوازنەوە.

شەممە 21ی تشرینی دووەمی 2026، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی:تاران بە شێوەی راستەوخۆ و ئۆنڵاین لەگەڵ نێوەندگیرەکان و بە تایبەت قەتەرییەکان کە شەوی رابردوو شاندێکی ئەو وڵاتە سەردانی تارانی کردووە و دوو کاتژمێر گفتوگۆیان کردووە، تا بزانن ئایا دەرفەتێکی دیکە بە دیپلۆماسی دەدرێت یان نا، سوپاسی هەوڵەکانی قەتەریشی لەو بارەیەوە کرد.

لەبارەی گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: ئێمە ئەو گەمارۆ ئابوورییەی سەپێنراوە بە کردەوەیەکی جەنگی دادەنێین و هەر هەنگاوێک پێویست بێت بۆ شکاندنی دەیگرینە بەر.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیش، ئاشکرای کرد، هێشتا هیچ دانوستانێک دەستیپێنەکردووە تا بچنە ناو وردەکارییە تەکنیکییەکان و بابەتە جیاوازەکانەوە، و گوتی: ئەگەر دانوستانێک بکرێت ئەوا وردەکارییە تەکنیکییەکانیش تاوتوێ دەکرێن. هاوکات دووپاتی کردەوە هەڵوێستی سەرەکیی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەیە مادە پیتێنراوەکان بە هیچ شێوەیەک لە وڵات نابرێنە دەرەوە، چونکە بە گوتەی ئەو ناردنەدەرەوەیان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوخۆ کێشە دروست دەکات.