چیرۆكی ئهو یاریزانهی بووه گۆڵپارێز و ههموولایهكی شۆك كرد

یانەی ریڤەرپلەیت هەرچەندە 20 یاریزان و سەرجەم گۆڵپارێزەکانی تووشی کۆرۆنابوون، بەڵام سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار کرد، لەم یارییە ئینزۆ پێرێزی ناوەراستکاری یانەکە بووە گۆڵپارێز و سەرکردایەتی سەرکەوتنێکی مێژوویی کرد.
گەرچی ٢٠ یاریزانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنابوو ١١ یاریزانی ساغی هەبوو بەبێ ئەوەی هیچ یەدەگێکی هەبێت، بەڵام کۆنمیبۆل ئامادە نەبوو یارییەکەی ریڤەر پلەیت لە جامی لیبەرتادۆرێس بەرامبەر ئیندیپێندێتی کۆلۆمبی دوابخات، لە نێوان تووشبووانیش هەر سێ گۆڵپارێزەکە بوون.
ریڤەرپلەیت داوای لە کۆنمیبۆڵ کرد کە رێگەی بدات هەر هیچ نەبێت گۆڵپارێزیك لە تیپی لاوانی یانەکەی لە یارییەکە بەشداری پێبکات، بەڵام ئەم داوایەشیان رەتکردیەوە، هیچ بوارێک نەبوو، یان ئامادەنەبوون لە یارییەکە و دۆڕانیان بە سێ گۆڵ، یانیش بەشداریکردن لە یارییەکە و رکابەریکردن لەم دۆخە سەختە.
مارسێلۆ گایاردۆی راهێنەر هیچ بژاردەیەکی نەبوو، بە ناچاری ئینزۆ پێرێزی ناوەراستکاری کردە گۆڵپارێز، لە کاتێکدا ئینزۆ کێشەی ئەژنۆی هەیە، بەڵام پێریز شەوێکی مێژووی تۆمار کرد و سەرکردایەتی ریڤەرپلەیتی کرد لە سەرکەوتنێکی مێژوویی بەرامبەر یانە کۆلۆمبیەکە.
ئینزۆ بۆ ماوەی ٩٠ خولەک لە نێو گۆڵی یانەکەی مایەوە وەکو ئەوەی لە بنەڕەتدا گۆڵپارێز بووبێت، ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد بەرپەڕچی هێرشە مەترسیدارەکانی ئیندیپێندێتی دایەوە.
ئینزۆ بڕیارێکی قوڕسیدا وەکو گۆڵپارێز لەم یارییە بەشداری بکات جونکە جگە لەوەی تەنیا ١٠ یاریزان بەبێ یەدەگ ئامادەی یارییەکە بوون، لە نێوانیاندا تەنیا شەش یاریزان بەشداری یارییەکانی پێشوویان کردبوو.
دواجار ریڤەرپلەیت بە ئازایەتی ئینزۆ پێرێز لە یارییەکە تەنیا گۆڵێکی لێکرا و دوو گۆڵیشی تۆمار کرد، لە کاتێک هەمووان چاورێیان دەکرد ئەم یانەیە تووشی شکستیکی قوڕس ببێت سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەستهێنا و ئینزۆ پێرێزیش بەهۆی ئەو داستانەی تۆماریکرد تا هەتایە لە بیری هاندەرانی ریڤەرپلەیت دەمێنێتەوە.