وەزارەتی شارەوانی و ئاژانسی VNGی هۆڵەندی یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتنیان واژۆ كرد

ساسان عەونی: واژۆكردنی ئەو یاداشتنامەیە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی ئابووری و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی هۆڵەندا و رەخساندنی هەلی كار بۆ هاووڵاتییان

وەزارەتی شارەوانی و ئاژانسی  VNGی هۆڵەندی یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتنیان واژۆ كرد
وەزارەتی شارەوانی و ئاژانسی VNGی هۆڵەندی یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتنیان واژۆ كرد

K24 - هەولێر

یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن بۆ باشكردنی توانای خۆگونجاندنی كۆمەڵگەكانی خانەخوێ و ئاوارە و پەنابەران لە عێراق و هەرێمی كوردستان و پەرەپێدانی ئابووری و رەخساندنی هەلی كار، لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی كۆمەڵەی شارەوانییەكانی هۆڵەندا واژۆ كرا، كە ئەم رێككەوتننامەیە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی ئابووریی هەرێم و پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هۆڵەندا و رەخساندنی هەلی كار بۆ هاووڵاتییان.

ئەمڕۆ یەكشەممە 23ی ئایاری 2021 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و میشێل لیت ئاخت نوێنەری ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی كۆمەڵەی شارەوانییەكانی هۆڵەندا و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتی و بەرێوەبەرانی وەزارەتی شارەوانی و تیمی ئەندازیاران و نوێنەری ئاژانسی VNG رێوڕەسمی واژۆكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و ئاژانسی VNG لەلایەن ساسان عەونی وەزیری  شارەوانی و گەشتوگوزار و نوێنەری ئاژانسی VNG سەبارەت بە باشكردنی توانای خۆگونجاندنی كۆمەڵگەكانی خانەخوێ و ئاوارە و پەنابەران لە عێراق و هەرێمی كوردستان واژۆ كرا.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی رێوڕەسمەكەدا وتارێكی پێشكەشكرد و تێیدا ناوەڕۆك و گرنگیی لێكتێگەیشتنەكەی بۆ میدیاكان و ئامادەبووان خستەڕوو و لە بەشێكی وتارەكەیدا سەبارەت بە پرۆژەكە  ئاماژەی بەوە كرد كە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی شارەوانییەكانی هۆڵەنداVNG، یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن بۆ باشكردنی توانای خۆگونجاندنی كۆمەڵگەكانی خانەخوێ و ئاوارە و پەنابەران لە عێراق و هەرێمی كوردستان، واژۆ كرد.

گوتیشی: "ئەم پڕۆژەیە لەلایەن فەرمانگەی هاوكاریی مرۆیی و سەقامگیری لە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا، بەشێوەی بەخشەر، پارەی بۆ تەرخان دەكرێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەمڕۆوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

سەبارەت بە گرنگی یاداشتنامەكە و كاریگەری لەسەر پەرەپێدانی هەماهەنگی و  پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لایەنی حكوومەتی هەرێم و هۆڵەندا گوتی: "بە واژووكردنی ئەم یاداشتنامەیە، قۆناغێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی ئێمە و حكوومەتی هۆڵەندا بۆ ئاستێكی باشتر و بەرەوپێشچوونی زیاتر دەستپێدەكات، ئاواتەخوازین لەدوای واژووكردنی ئەم لێكتێگەیشتنە بواری زیاتری هاوكاری و پاڵپشتی رێكخراوە هۆڵەندییەكان بە پرۆژە و واژووكردنی یاداشتنامە و كاری گەورەتر لەنێوان دامودەزگەی حكومەتی هۆڵەندا و رێكخراوەكانیان، لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بێتە ئاراوە".

سەبارەت بە هاوكاری و كارەكانی ئەو ئاژانسە لە رابردوودا لەگەڵ دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە كرد "ئاژانسی  VNGی هۆڵەندی لە چوارچێوەی پرۆگرامەكانی MASAR  و LOGOREP2 پێشتریش لە چەندین سێكتەری دیكەدا هاوكاری و پاڵپشتیی فەرمانگەكانی وەزارەتی شارەوانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان لە سنووری پارێزگای دهۆك و هەولێر كردووە، لە بواری ئاو و ئاوەڕۆ و كردنەوەی زنجیرەیەك خولی هەمەجۆر بۆ كارمەند و ئەندازیارانی بەڕیوەبەرایەتیی ئاوی دهۆك و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری دھۆک و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆکانی دھۆک، پرۆژەی سندووقی كۆكردنەوەی جلوبەرگ بۆ كەسانی كەمدەرامەت و كەمپی ئاوارەكان بە ھاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی دھۆک، هەروەها پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری راوێژکاری لە بواری کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک و كردنەوەی وۆرك شۆپ و سازكردنی سیمینار و راهێنانی فەرمانبەران لەسەر بابەتە هەمەجۆرەكان".

سەبارەت بە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی یاداشتنامەكە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند: "ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە گرنگییەوە لە واژۆكردنی ئەو لێكتێگەیشتنە دەڕوانین و لەپێناو خزمەتكردنی هاووڵاتیانمان پابەند دەبین بە جێبەجێكردنی خاڵەكانی، بە دڵنایییەوە تەواوی پاڵپشتیی بەهێزی پڕۆژەکە دەکەین و هەماهەنگی پێویست بۆ سەرجەم چالاکییەکانی دەکەین و کارمەندی پێویست و تایبەتمەند بۆ راپەراندنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە دابین دەکەین و هەرچی پێویست بێت بۆ رێکخستنی کۆبوونەوە لەسەر ئەنجامەکان و هەڵسەنگاندن و هەماهەنگی و چاودێری پێشوەچوون لەگەڵ لیژنە راوێژکارییەکان دەکەین".