پێنتاگۆن سوپایه‌كی نهێنی له دنیادا بڵاوكردووه‌ته‌وه
ئه‌م هێزه نهێنییه‌ی پێنتاگۆن 10 ئه‌وه‌نده‌ی قه‌باره‌ی ئه‌ندامه نهێنییه‌كانی CIA یه
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
پێنتاگۆن سوپایه‌كی نهێنی 60 هه‌زار كه‌سی به جیهاندا بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه له خه‌ڵكانی مه‌ده‌نیی و سه‌ربازیی و به‌ڵێنده‌ر پێكهاتووه و به ناسنامه‌ی ساخته و دروستكراوی ئه‌مه‌ریكی ده‌گه‌ڕێن.
به‌پێی راپۆرتێكی زه نیویۆرك تایمز به‌شی زۆری كه‌سانی نێو ئه‌م سوپا نهێنییه له شێوه‌ی راوێژكار و كارمه‌ندی كۆمپانیادا ئه‌و مافه‌یان پێدراوه، به بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكا هیچ له باره‌یانه‌وه بزانێت یان زۆربه‌ی كۆنگرێس ئاگای له ورده‌كارییه‌كانی بێت.
زه نیویۆرك تایمز ئاشكراشی كردووه، له ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوودا، پێنتاگۆن سوپایه‌كی نهێنی بنیانتاوه كه به‌شێكه له پرۆگرامێك بە ناوی "Signature Reduction".
ھەروەھا گۆڤاری نیوزیوك، یش باسی ھەمان بابەتی كردووەو نوسیوێتی، ئه‌م هێزه له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆ كارده‌كه‌ن به‌خستنه‌گه‌ڕی تێكۆشه‌ره نهێنییه‌كان كه زۆربه‌ی جار لەكاتی ئەركەكانیاندا به‌رگی مه‌ده‌نیان له‌به‌ردایه.
به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی نیوزویك، ژماره‌ی ئه‌م هێزه نهێنییه‌ی پێنتاگۆن 10 ئه‌وه‌نده‌ی قه‌باره‌ی ئه‌ندامه نهێنییه‌كانی CIA یه كه له جیهاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه و تێچووی پرۆگرامەكە زیاتر له 900 ملیۆن دۆلاره و لە 30 كۆمپانیای تایبه‌تدا له ناوچه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئهفهریكادا به‌شدارن.
وێڕای بڕی تێچوون و قه‌باره‌ی ئه‌م سوپا نهێنییه، تا ئێستا كۆنگرێسیش هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامنه‌داوه بۆ گوێگرتن ده‌رباره‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه نیوه‌ی هێزی "Signature Reduction" بریتین لە هێزێكی تری تایبه‌ت، كه له‌لایه‌ن راهێنه‌رانی كۆماندۆی باڵاوه راهێنه‌ریان پێكراوه و ئه‌ركیان بنبڕكردنی تیرۆره له جیهاندا و له نێویاندا ئێران و كۆریای باكوور.
به‌پێی راپۆرتێكی "زه نیویۆرك تایمز" لەسەرھەمان بابەت، پسپۆڕانی هه‌واڵگری سه‌ربازی، دووه‌م گه‌وره‌ترین ره‌گه‌زی نێو ئه‌و هێزه‌ن. به‌ڵام نوێترین و خێراترین گه‌شه‌كردنی گرووپ له‌نێو ئه‌م یه‌كه‌یه‌دا دروستكردنی تێكۆشه‌رانی - ئه‌له‌كترۆنییه كه كه‌سێتی درۆیینه و چاوبه‌ستكردن له‌رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه به‌كارده‌هێنن بۆ ونكردنی خۆیان تا ئامانجێكی پڕ به‌ها و زانیاری بۆ جه‌ماوه‌ر كۆكه‌نه‌وه و به‌شداری بكه‌ن له گه‌مه‌كردن به عه‌قڵی به‌رامبه‌ر له رێگه‌ی سۆشیال میدیاوه.
پرۆگرامی Signature Reduction له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك رێكخراوی حكومی ناڕوون و نائاشكراوه به‌ڕێوه‌ده‌برێت. كه وه‌ك رێكخراوێكی نا نهێنی ئاژانسی هه‌واڵگری به‌رگری وێناكراوه.
به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی زه نیویۆرك تایمز له‌كۆتایی پرۆگرامه‌كه‌دا ئه‌وانه‌ی كاریان تیادا كردووە، له‌لایه‌ن گروپێكی نھێنییەوە و له رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه چاودێری ده‌كرێن و پارێزگاریان لێ ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ناسنامه‌یان به نهێنی بمێنێته‌وه و له داهاتوودا هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یان لێ نەكرێت.
له‌م دواییه‌دا یه‌كێك له ئه‌فسه‌ره خانه‌نشینه‌كان كه سه‌رپه‌رشتی به‌شێك له پرۆگرامه‌كه‌ی كردووە، گوتوێتی: "هیچ كه‌سێك به ته‌واوی راده‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی یان كاریگه‌ری ئەو پرۆگرامە له‌سه‌ر جه‌نگی سه‌ربازی نازانێت".
ئه‌و كه‌سه بۆ رۆژنامه‌ی زه واشنتۆن پۆست دواوه و گوتووێتی: " بە پێی رێككه‌وتنی (جنێڤ)- سه‌ربازێك به‌ناسنامه‌ی ساخته و نهێنی كاربكات- كارەكەی ده‌بێتە كێشه بۆ ئه‌و كه‌سه". دووپاتی لەوەش كردۆتەوە : "زۆربه‌ی خه‌ڵك له‌باره‌ی Signature Reduction " ھیچ زانیارییەكیان نییە".
راپۆرته‌كه‌ی گۆڤاری نیوزویك ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه له یه‌ك حاڵه‌تدا ناسنامه‌ی سیخوڕه نهێنییه‌كان ئاشكرا ده‌كرێت كاتێك هه‌وڵی دامه‌زراندنی كه‌سێكی تر بدرێت.
له مانگی (ئایار / مه‌ی 2013) مۆسكۆ بڕیاریدا سكرتێری سێیه‌م به‌ناوی رایان فۆگل، وڵاتی رووسیا جێهێڵێت و وێنه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه كه بارۆكهیهكی (قژی ده‌ستكردی كاڵ) و چوار چاویلكه‌ی خۆری پێ‌بوو. وێرای نه‌خشه‌ی شه‌قام، قیبله‌نومایه‌ك، لایتێك و چه‌قۆیه‌كی سویسری و مۆبایلێك.
ده‌ركردنی فۆگل سه‌رنجی میدیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی راكێشا و ریسواكردنێك بوو بۆ به‌رپرسه خانه‌نشینه‌كانی CIA، به‌ڵام مۆبایله‌كه‌ی فۆگل ئامێرێكی ته‌واو نهێنی و پڕ گرێ و گۆڵ بوو.
نیوزویك ئاماژه‌ی داوه به‌وه‌ی كه رایان فۆگل ناوی راسته‌قینه‌ی ئه‌و كه‌سه نه‌بووه و تا ئێستا ناوه‌كه ئاشكرا نه‌بووه.
ئه‌و سه‌ربازه خانه‌نشینه كه بۆ زه نیویۆرك تایمز دواوه، ده‌ڵێت: "مۆبایله‌كه‌ی فۆگل وه‌ك ئامێرێكی نهێنی ده‌رده‌كه‌وێت كه ده‌توانێت پارێزگاری له‌و شه‌پۆله رادیۆییانه بكات كه رێگری له چاودێری ده‌كه‌ن".
كاتێك نیویۆرك تایمز له‌و سه‌ربازه خانه‌نشینه‌ی پرسی كێ كۆنترۆڵی ئه‌م مۆبایله ده‌كات، له وه‌ڵامدا وتی: "ته‌نیا پیاوانی سوپا و پیاوانی ئۆپه‌راسیۆنی تایبه‌ت ده‌توانن كۆنترۆڵی ئامێره‌كانیان بكه‌ن".