داهاتی كه‌رتی گه‌شتیاری هه‌رێم له‌م مانگه‌دا زیاتره‌ له‌ 70 ملیۆن دۆلار

له‌ماوه‌ی ئه‌م مانگه‌دا 234 هه‌زار و 765 گه‌شتیار روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و زۆرینه‌ی ره‌هایان روویان له‌ سلێمانی كردووه‌ و رۆژانه‌ش تێكڕا 8 تا 10 هه‌زار گه‌شتیار روو له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ن.

K24 – هه‌ولێر:

له‌ماوه‌ی ئه‌م مانگه‌دا 234 هه‌زار و 765 گه‌شتیار روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و زۆرینه‌ی ره‌هایان روویان له‌ سلێمانی كردووه‌ و رۆژانه‌ش تێكڕا 8 تا 10 هه‌زار گه‌شتیار روو له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ن.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، كه‌ ژینۆ محه‌مه‌د بێژه‌ری گه‌شتی هه‌واڵه‌كانی كاتژمێر  (06:00)ی ئێواره‌ پێشكه‌شیكرد، له‌ نێوان رۆژانی 11 تا 22ی ئایاری 2021، 140 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌ سلێمانی كردووه‌ و 110 هه‌زاریش روویان له‌ گه‌رمیان كردووه‌.

هاوكات له‌ نێوان 17 تا 22ی ئایاری 2021، به‌ گشتیی 62 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌ هه‌ولێر و 15 هه‌زار روویان له‌ دهۆك كردووه‌.

ژینۆ محه‌مه‌د، هۆكاری جیاوازی ژماره‌ی گه‌شتیارانی هه‌ولێر و سلێمانی بۆ رۆژانی جه‌ژن و كرانه‌وه‌ی بازگه‌كان به‌ رووی شاره‌كانی عێراق گه‌ڕانده‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی ئاماری ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان له‌ رۆژانی ئاساییدا، 8 تا 10 هه‌زار گه‌شتیار روو له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ن، 7 تا 8 هه‌زار روو له‌ دهۆك ده‌كه‌ن و ته‌نیا 5 تا 5 هه‌زار روو له‌ سلێمانی و 500 تا 1000 گه‌شتیار روو له‌ گه‌رمیان ده‌كه‌ن.

ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار روونیكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر گه‌شتیارێكی سه‌رووی ته‌مه‌ن 16 ساڵ بۆ سێ شه‌و و رۆژ 300 دۆلار خه‌رج بكات، داهاتی ئه‌م مانگه‌ی كه‌رتی گه‌شتیاری هه‌رێمی كوردستان 70 ملیۆن و 428 هه‌زار دۆلار بووه‌ به‌ نزیكه‌یی.