كۆپا ئه‌مریكا له‌ نێو كێڵگه‌ی په‌تاته‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت؟

نێیمار و ڕیچارلسۆن به‌ درێسی هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل به‌رامبه‌ر پاڕاگوای 2021
نێیمار و ڕیچارلسۆن به‌ درێسی هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل به‌رامبه‌ر پاڕاگوای 2021

لە کیشوەری ئەمەریکای باشوور فیدراسیۆنەکەیان کە بە کۆنمیبۆڵ ناسراوە ئەوەندە لاوازە هیچ بڕیارێکی پێ نادرێ ئەوەتا دەبینین یارییەکانی کوپا ئەمەریکا تەنها ٤ رۆژی ماوە کەچی هەر رۆژە و لەو وڵاتەوە بۆ وڵاتێکی تر دەیگوازێتەوە، یاریگاکان هێندە خراپن بەشێکیان دەڵێی کێڵگەی پەتاتەن، ئەم بەرەبەیانە سەرەڕای ناڕێکی کاتەکانی سەیری زۆربەی یارییەکانم کرد زۆر بەناڕێکی بەڕێوەدەچێت.

 بۆ نموونە ناکرێ یاری هەڵبژاردەیەکی گەورەی وەک ئۆروگوای نیوەی بکەوێتە ناوکاتی یاری ئارجێنتیناوه‌، هه‌روه‌ها یاری ئارجێنتیناش بکەوێتە ناو کاتی یاری بەرازیلەوە، یاری بەرازیلیش بکەوێتە ناو کاتی یاری چیللی، له‌ كاتێكدا پێویست بوو دوو یاری لەیەک کاتدابن یان یارییەکان بەدوای یەکدابێت، نەک هەموو سەرە کاتژمێرێک یارییەک، لەوەش گەڕێن سیستەمی ڤاڕ هێندە لاوازە تا بڕیارێک دەدا بیرت دەچێتەوە کە یاری هەیە، بۆنموونە یاری ئەم بەرەبەیانەی پیرۆ و ئیکوادۆر ناوبژیوان فیکەی لێدانی سزای لێداوه‌ و چووە سەرخاڵی سزا، کەچی دوای پێنج خولەک وەستان دواجار ژووری ڤاڕ خۆی بۆ یەکلایی نەکرایەوە و بەناوبژیوان گوترا کە خۆی بێت سەیری حاڵەتەکە بکات، خۆشی پاش چەند جارە بینینەوەی دیمەنەکە گوتی: لێدانی سزانییە و ئیکوادۆری بێ هیواکرد.

 خاڵێکی تر ئەوەیە زۆری فاوڵ و کارتە ڕەنگاو ڕەنگەکان، بۆ نموونە یاری کۆلۆمبیا و ئارجێنتینا نیوەی یارییەکە بە فاوڵ کۆتایی هات کە یارییەکە ٤٥ فاوڵ و ٩ کارتی زەردی تێدابوو سەرەڕای ئەوەی ناوبژیوان تا زۆر ناچار نەبووایە کارتی بەرز نەدەکردەوە، یارییەکە زیاتر لە شەڕی یاری کۆڵانان دەچوو، لە یارییەکە کەمترین هونەری تۆپی پێمان بینی، سەرەڕای ئەوەی هەردوو هەڵبژاردە ئەستێرەی زۆریان تێدایە.

 لە یاری پارەگوای و بەرازیل سەرەڕای خراپی یاریگاکە لەگەڵ دەسپێکی گێمی دووەم زیاتر لەبیست جار پەخشەکە لەسەرچاوەوە دەپچڕا کە کەناڵی بین سپۆرتیشی شەرمەزارکردبوو، ئەوەندەی پێشکەشکار و بێژەرەکە داوای لێبوردن بکەن کە گواستنەوەی یارییه‌کە ئەوەندەخراپ بوو بڕواناکەم لە ئەفریقیاش شتی ئاوها ڕوویدا بێت، کەهیچ تامی گێمی دووەمی بۆ بینەر نەهێشت.

 لە کۆتاییدا دەمەێ ئەوە بڵێم کە ئەو تۆپی پێیەی لە ئەمەریکای لاتین دەکرێ زۆر جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەوروپا و تەنانەت لەگەڵ ئاسیاش، لە ئەمریکای باشوور تەنها ١٠ هەڵبژاردەن کە ئەگەر لە هەر کیشوەرێکی تر بووایە دەبوو نموونەییترین پاڵەوانیەتیان هەبي کەچی بڕۆ مێژووی کوپا ئەمریکا بخوێنەوە هێندە ناڕێک و پەرتەوازەیی پێوە دیارە ساڵی وا هەبوو دووجار ئەنجام دراوە، یان هەموو ساڵێک یان دووساڵ جارێک یان، چوار ساڵ جارێک کە ئەمەی دوای دەگمەنە.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری یۆرۆی ئه‌ورووپا بكه‌ین له‌و رۆژه‌ی ئه‌و پاڵه‌وانێتییه‌ دامه‌زراوه‌ تا ئێستا ١٦ پاڵەوانیەتی تێدا به‌ڕێوه‌چووه‌ و هەموو ٤ ساڵ جارێک بێ کەم و کوڕی ئه‌نجام دراوه‌.

ئه‌م بێ سه‌روبه‌رییه‌ی له‌ كیشوه‌ری ئه‌مریكای باشوور ڕووده‌دات وای له‌ هه‌ڵبژارده‌كانی ئه‌و كیشوه‌ره‌ كردووه‌ ئاستیان به‌ره‌و داكشان بڕوات، ئەوەتا دەبینین ٤ مۆندیالە لەسەریەک هەر ئەوروپیەکان نازناوەکە دەبەنەوە، دابەزینی ئاستی هەڵبژاردەکان بەشێوەیەکی گشتی بەدەر لە بەرازیل و ئارجێنتینا بەنموونە لەپاڵاوتنەکاندا تائێستا دوو هەڵبژاردەی گەورەی وەک ئۆروگوای و کۆڵۆمبیا لە ٦ یاریدا تەنها ٨ خاڵیان کۆکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە کۆی ئەو ١٠ هەڵبژاردەیە ٤ بلیت و نیویان هەیە بۆسەرکەوتن و گەیشتن بە مۆندیال، لەئێستادا تاکە کاری وڵاتانی ئەمەریکای لاتین ئەوەیە کە بەردەوام یاریزانی زۆرباش و ئەستێرە پێ بگەیەنن و پێشکەش بەتۆپی پێی ئەوروپایان بکەن، خودی یاریزانەکانیش ساڵانە تەنها چەند رۆژێکی کەم بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان گەر یارییەکی دۆستانە یان پاڵاوتن هەبێ ئەنجامی بدەن و بگەڕێنەوە ئەوروپا و زۆرترینی تەمەنیان تێدابەسەربەرن.

ئاسام جه‌باری رۆژنامه‌نووس و شرۆڤه‌كاری تۆپی پێ
ئاسام جه‌باری رۆژنامه‌نووس و شرۆڤه‌كاری تۆپی پێ

 

 

#ئاسام_جەباری

Fly Erbil Advertisment