بایدن ده‌گاته ئه‌وروپا و پوتن ده‌بینێت
رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمز بڵاویكرده‌وه، بایدن په‌نجا ساڵه خۆی بۆ ئه‌م گه‌شته ئاماده كردووه
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
سه‌رۆك جۆو بایدن له‌گه‌شته‌كه‌یدا كه 9ی حوزه‌یران به‌ره‌و ئه‌وروپا ئه‌نجامیدا، به‌شداری دوو لوتكه‌ی باڵا ده‌كات. له په‌راوێزی كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی ناتۆ-شدا چاوی به ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا ده‌كه‌وێت.
گه‌شته‌كه‌ی بایدن به‌ره‌و به‌ریتانیا ده‌بێته یه‌كه‌مین گه‌شتی ده‌ره‌كی ئه‌و سه‌رۆكه بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات. هه‌روه‌ك ئیداره‌كه‌ی له هه‌وڵدایه كه له گه‌شته‌كه‌یدا جه‌خت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكاته‌وه له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانیدا كه له‌سه‌رده‌می دۆناڵد تره‌مپ-دا دۆخێكی خراپی به‌خۆیه‌وه‌دی.
ئامانجی گه‌شته‌كه‌ی بایدن بۆ ئه‌ورپا كه هه‌شت رۆژ ده‌خایه‌نێت جگه له به‌شداری هه‌ردوو لوتكه‌ی گرووپی 7 (G7) و په‌یمانی ناتۆ، به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا ده‌كات.
به‌پێی راپۆرتێكی CBS نیوز په‌یامی بایدن له‌م گه‌شته‌یدا بۆ هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌یه كه ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه دوای ئه‌وه‌ی كه دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا گاڵته‌ی به هاوپه‌یمانه ئه‌وروپییه‌كانی ده‌هات و هه‌میشه جه‌ختی له‌وه‌ده‌كرده‌وه كه (ئه‌مه‌ریكا یه‌كه‌مه).
CBS نیوز ئاشكرای كردووه كه كۆشكی سپی له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه ئه‌م گه‌شته جه‌خت كردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی ئه‌مه‌ریكا به گردبوونه‌وه‌ی جیهانی دیموكراتی و به‌رگریكردن له به‌های هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه ئه‌وروپییه‌كانی.
بایدن گه‌شته‌كه‌ی به گرنگ وه‌سف ده‌كات بۆیه له وتارێكی تایبه‌تدا له ژماره‌ی رۆژی 6ی حوزه‌یرانی رۆژنامه‌ی زه واشنتۆن پۆست-دا له ژێر ناونیشانی (گه‌شته‌كه‌م بۆ ئه‌وروپا ده‌رباره‌ی رۆڵی ئه‌مه‌ریكا له كۆبوونه‌وه‌ی جیهانی دیموكراتیدا)، نوسیویه‌تی: "دوای كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی گروپی 7 و لوتكه‌كانی دیكه چاوم به ڤیلادیمر پوتن ده‌كه‌وێت".
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "وێڕای ئه‌وه‌ی قسه‌كردن له‌سه‌ر كۆتایی هێنان به كۆڤید-19 له هه‌موو دنیا، چاوپێكه‌وتنه‌كانم ده‌رباره‌ی قه‌یرانی كه‌شوهه‌واو و ئه‌و چالاكییانه‌ن كه رویداون".
له وتاره‌كه‌یدا جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه كه به‌پێی خشته‌ی كاركردنیان له هه‌ر وێسگهیهكدا كارێك پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها بایدن له وتاره‌كه‌یدا نوسیویه‌تی: "دوای چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ بۆرس جۆنسن سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا كه ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ وڵاته‌كه‌ی هه‌یه، به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌ی گروپی 7 ده‌كه‌م كه ئه‌م گروپه گروپێكی وڵاتانی دیموكرات و پێشه‌نگن له ئابوری‌دا و ماوه‌ی ساڵێكه به‌هۆی كۆڤید-19 ه‌وه چاوپێكه‌وتن له‌نێو سهرۆكهكانیدا دروست نه‌بووه".
له نوسینه‌كه‌یدا بایدن جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه كه به‌ر له كۆبوونه‌وه‌كان، وه‌زیرانی دارایی هه‌ر 7 ده‌وڵه‌ته پیشه‌سازییه‌كه پابه‌ندبوونی خۆیان راگه‌یاندووه كه تێكڕای باج له دنیادا 15% كه‌متر نه‌بێت به‌مه‌به‌ستی كۆتایی هێنان به پێشبڕكێی به بنبه‌ستگه‌یشتن ده‌رباره‌ی باجی كۆمپانیاكان.
له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا له كاتی به‌ڕێكه‌وتنی له فرۆكه‌خانه‌وه بۆ ئه‌وروپا، بایدن، وتی: "ئامانجمان پته‌وكردنی هاوپه‌یمانێتی و به‌رچاوروونییه بۆ پۆتن و چین كه ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا به‌هێز و یه‌كگرتوون".
به‌پێی هه‌واڵێكی رۆیته‌رز، بایدن رۆژی 16ی حوزه‌یران (یۆنیۆی 2021) چاوپێكه‌وتنی لوتكه له‌گه‌ڵ پۆتن ئه‌نجامده‌دات. به‌پێی وته‌ی ئه‌ندامێكی وه‌فده‌كه، له‌و دیداره‌دا هه‌لێكی باش ده‌بێت بۆ بایدن كه راسته‌وخۆ نیگه‌رانی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر هێرشی پرۆگرامی بهراگیری (ransomware) سه‌لمێنراو و خواستی دوژمنكارانه‌ی مۆسكۆ به‌رامبه‌ر ئۆكرانیا و كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی دیكه له‌گه‌ڵ پۆتن باس بكات. پرۆگرامی بهراگیری جۆرێكه له پرۆگرامی زیانبه‌خشی دیزاینكراو كه تا بڕێك پاره نه‌ده‌یت ناهێڵێت بگه‌یت به سیستمی كۆمپیته‌ر.
بایدن له وێستگه‌ی یه‌كه‌می گه‌شته‌كه‌یدا لهسانت ئیفیز له كۆرنوال-ی به‌ریتانیا به‌شداری لوتكه‌ی گروپی 7 ده‌كات كه پێشبینی ده‌كرێت گفتوگۆ ده‌رباره‌ى ڤاكسینه‌كه و بازرگانی و كه‌شوهه‌وا و ده‌ستپێشخه‌ری سه‌رله‌نوێ بوژاندنه‌وه‌ی سه‌رخانی ده‌وڵه‌تانی هه‌ژار، باڵ بكێشێت به‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌دا.
بڕیاره دوای سێ رۆژ له لوتكه‌ی گروپی 7، بایدن و جێل بایدن خانمی یه‌كه‌می ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی شاژن ئیلیزابێس له بكه‌ن قه‌ڵای وێندسور. بایدن ساڵی 1982 چاوی به شاژنی به‌ریتانیا كه‌وتووه كاتێك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پیران بووه له‌سه‌ر ویلایه‌تی دیلاوێر.
به‌پێی راگه‌یه‌نراوی كۆشكی سپی بایدن له درێژه‌ی گه‌شته‌كه‌یدا رووه‌و برۆكسل به‌رێده‌كه‌وێت بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی ناتۆ و یه‌كێتی ئه‌وروپا.
سه‌رله‌به‌یانی دوێنێ 9ی حوزه‌یران (یۆنیۆی 2021)، جیك سولیڤان راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كۆشكی سپی به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند كه بایدن خوازیاره به‌ر له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پۆتن دا‌نیشێت، هه‌ست به یه‌كبوونی ناتۆ و یه‌كێتی ئه‌وروپا بكات. وتیشی: "پێشبینی ناكرێت كه بایدن به‌جیا هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بكات له لوتكه‌ی 7 و كۆبوونه‌وه‌ی ناتۆ".
سولیڤان جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه كه بایدن فشار له‌سه‌ر پۆتن ده‌كات ده‌رباره‌ی ئه‌وله‌ویاته‌كانی ئه‌مه‌ریكا و رێكه‌وتن و گفتووگۆكانیشیان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا ده‌خه‌نه‌ڕوو.
ئه‌وه‌ی له‌نێو میدیای ئهمهریكیدا جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كرێته‌وه چاوپێكه‌وتنی نێوان جۆو بایدن-ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان-ی سه‌رۆكی توركیایه له‌په‌راوێزی لوتكه‌ی ناتۆ له رۆژی 14ی حوزه‌یران (یۆنیۆی 2021). به‌پێی راپۆرتێكی سی ئێن ئێن، حاكم عومه‌ر یهشیلیك وته‌بێژی حزبی داد و گه‌شه‌پێدان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا ئاشكرای كردووه كه په‌یره‌وی ئه‌نقه‌ره ره‌تكردنه‌وه نییه و كۆكردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه نێگه‌تیڤه‌كانی هه‌ردوولا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و هه‌نگاونانه بۆ بواری باشتر. وتیشی: "ئومێد ده‌كه‌ین لایه‌نی به‌رانبه‌ریش كه ئه‌مه‌ریكایه هه‌مان هه‌نگاو بنێت".
به‌پێی لێدوانی به‌رپرسانی توركیا یه‌كتر بینینه‌كه له برۆكسل ده‌بێت و ده‌بێته یه‌كه‌مین چاوپێكه‌وتنی نێوان ئه‌و دوو سه‌رۆكه له‌دوای ده‌ستبه‌كاربوونی بایدن وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا.
له‌و رووه‌وه یهشیلیك وتیشی: "له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ئه‌جێندای فراوانمان هه‌یه كه سه‌ره‌تا به هاوپه‌یمانی ده‌ستی پێكردووه و شانبه‌شانی یه‌كتر تێكۆشاوین له‌زۆرێك له‌ناوچه‌كانی دنیادا له پێناو پاراستنی به‌ها سیاسییه‌كان، به‌ڵام به‌داخه‌وه لاپه‌ڕه‌ی نێگه‌تیڤ كه‌وته نێو ئه‌و ئه‌جێندایه‌وه".
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا جیك سولیڤان راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كۆشكی سپی، وتی: "له نه‌خشه‌ی كاره‌كاندا چاوپێكه‌وتنی نێوان بایدن و ئه‌ردۆگان دیاریكراوه‌و گفتوگۆكان ده‌رباره‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سوریا و ئیران ده‌بێت. هه‌روه‌ها رۆڵی توركیا له ئه‌فگانستان دوای پاشه‌كشێی هێزی ئه‌مه‌ریكا له‌وێ".
به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی سی ئێن ئێن، دیپلۆماته ئه‌مه‌ریكییه‌كان پێیانوایه هه‌تا ئه‌گه‌ر بایدن لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ-ش له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگان بكاته‌وه ئه‌وا دۆخی ئه‌مه‌ریكا و توركیا ناچێته‌وه دۆخی پێشوو چونكه سیاسه‌تی ناوخۆی توركیا له قۆناغێكی خراپدایه.
پێشیانوایه كه مه‌له‌فی دیموكراتی و ئازادی ناوخۆی توركیا مه‌له‌فێكی سه‌ره‌كییه لای بایدن و قسه‌كردن ده‌رباره‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگان.