مەسرور بارزانی پێشوازی لە پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق دەکات

گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاوکاری لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ شەممە 19 ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مستەفا غالب موخیف پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق کرد .

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاوکاری لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا لە بواری رێکخستنەوەی کەرتی بانکی و رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و خراپ بەکارهێنانی پارە بۆ کاری نایاسایی و پشتیوانیکردنی تیرۆر.

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە بانکی ناوەندی، مامەڵە لەگەڵ لقی هەرێمی کوردستانی بانکی ناوەندی عێراق دەکات کە بنکەکەی لە هەولێرە، وەک لایەنی فەرمی پەیوەندیدار و تایبەت بە سەرپەرشتیکردنی کاروباری بانکیی لە هەرێم .

سەرۆکی حکومەت وێڕای ئامادەیی دەربڕین بۆ هەر هاوکاریی و هەماهەنگییەک لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق، دووپاتیشی کردەوە کە رێکخستنەوەی سیستەمی بانکی، دەکرێ ببێتە بنەمایەکی گرنک و بەهێز بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و پەرەپێدانی پڕۆسەی وەبەرهێنان و بەدەستهینانی متمانەی بانک و دامودەزگا داراییە نێودەوڵەتییەکان.

دیداری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ مستەفا غالب موخیف پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق
دیداری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ مستەفا غالب موخیف پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق