بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا؛ ئەمریکا پێشنیازێکی 14 تریلیۆن دۆلاری دەخاتە بەردەم رووسیا

چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، ئەمریکا و رووسیا سەرقاڵی تاوتوێکردنی زنجیرەیەک رێککەوتنی ئابووریی ئەگەرین. ئەو هەوڵانە لە چوارچێوەی ستراتیژێکی فراوانتردان بۆ هاندانی ڤلادیمیر پووتین بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، لەوانەش گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ بازاڕی نەوتی رووسیا، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گاز بۆ ئەورووپا و گۆڕینی بەڕێوەبردنی وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا.

بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەکەی راگەیاند "نوێنەرانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ هەردوو لایەنی جەنگەکەدا پێشنیازە ئابوورییەکانیان تاوتوێ کردووە، لەوانەش چوارچێوەیەکی ئابووریی پاش جەنگ بۆ دروستکردنی گەشەی درێژخایەن و دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ ئۆکرانیا، لەگەڵ دەرفەتی ئەگەری بۆ هاریکاریی ئابووریی پاش جەنگ لەگەڵ رووسی، رێککەوتنە ئابوورییەکان لە چوارچێوەیەکی گشتگیری ئاشتییەوە دەبن کە کوشتار لەو جەنگە رادەگرێت؛ هێشتا هیچ شتێک کۆتایی نەهاتووە".

کۆشکی سپی و کرێملن تاوتوێی پڕۆژەیەکی هاوبەشیان کردووە کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوتی ئەمریکا و رووسیا لە کەناراوەکانی دوورگەی ساکالین لە رۆژهەڵاتی رووسیا دەگرێتەوە. هەروەها بەشداریکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە دەستپێکردنەوەی فرۆشتنی نەوتی رووسیا بۆ ئەورووپا لە رێگەی بۆریی دروژباوە، بەشێکی دیکەی ئەو گفتوگۆیانەیە.

پێشنیازەکانی دیکە بریتین لە گەڕاندنەوەی مافی بەکارهێنانی ئاسمانی رووسیا بۆ هێڵە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، دەستپێکردنەوەی هاریکاریی نێوان ئەمریکا و رووسیا لە بەرهەمهێنان و دابینکردنی تایتانیۆم بۆ فڕۆکە مەدەنییەکان، فرۆشتنی ئەگەریی سەروەت و سامانە نێودەوڵەتییەکانی کۆمپانیای لوکئۆیل بە وەبەرهێنەرانی نزیک لە کۆشکی سپی، پڕۆژەیەکی پێشنیارکراوی گازی سروشتیی شل لە ئەلاسکا کە کۆمپانیای نۆڤاتیکی رووسیا دەگرێتەوە، دەستپێکردنەوەی دابینکردنی گاز لە رێگەی بۆرییەکانی نۆرد ستریم، سووککردنی سزاکانی سەر پۆتاسی پەیین، گواستنەوەی بەڕێوەبردنی وێستگەی وزەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا لە ئۆکرانیای ژێر دەسەڵاتی رووسیا بۆ لایەنێکی ئەمریکی.

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ سەرەتای مانگی ئەیلوول لە کۆبوونەوەیەکدا لە سانت پیتەرسبۆرگ لەگەڵ پووتین تاوتوێی رێککەوتنی بازرگانیی ئەگەری کردووە. بەپێی ئەو وێنانەی تیمی راگەیاندنی کرێملن بڵاویان کردووەتەوە، لە سەردانێکی هەفتەی رابردووی مۆسکۆدا، ویتکۆف لەسەر دەفتەری تێبینییەکانی نووسیویەتی "رێککەوتنە بازرگانییەکان".

کیرل دمیتریڤ، نێردەی ئابووریی رووسیا و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی وەبەرهێنانی راستەوخۆی رووسیا، مانگی شوباتی 2026 لە میانەی گفتوگۆکان لەگەڵ ویتکۆف و جێرد کوشنەر سەبارەت بە پلانی ئاشتیی ئۆکرانیا، بەهای پڕۆژە ئەگەرییەکانی بە 14 تریلیۆن دۆلار خەمڵاند. مۆسکۆ رێککەوتنە بازرگانییەکانی وەک هاندەرێک بۆ ترەمپ بینیوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رووسیا ئاسایی بکاتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رۆژنامەکەی گوتووە "پلانی دمیتریڤ چاوەڕوانیکردن بوو تا کاتی وەستانی کاتی جەنگەکە، بەڵام کات لە بەرژەوەندییاندا نییە و جەنگەکە راناگیرێت، بۆیە بڕیاریانداوە ئێستا هەنگاو بنێن".

دیپلۆماتکارانی ئەوروپا هۆشدارییان داوە کە دژی سووککردنی هەر سزایەک یان ئەنجامدانی رێککەوتنی بازرگانین لەگەڵ رووسیا پێش کۆتاییهاتنی جەنگەکە. ئەوان جەختدەکەنەوە هەر بڕیارێک کە بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا بگرێتەوە، ناکرێت بەبێ رەزامەندیی ئەوروپا بگیرێت. دیپلۆماتکارێکی ئەورووپی گوتی "مەبەست پارە نییە. مەبەست سووکایەتی و کۆنترۆڵکردنە".

بەرپرسێکی پێشووی ئیدارەی ترەمپ پێیوایە هەوڵەکانی پێشوو کەمتر توانیویانە کاریگەرییان لەسەر پووتین هەبێت. ئەو گوتی "تیمی دانوستانکار پێشنیاری راستەقینەیان داڕشت بۆ دروستکردنی دەرفەت بۆ رووسیا بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام نەیانتوانی بەسەر پووتیندا زاڵ بن".

لە شوباتی 2022ـەوە رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی ئەو خاکەی کۆنترۆڵکرد، هەروەها دەیان هەزار کەس کوژراون و بریندار بوون، بە ملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون، هاوکات چەند جارێکیش ئاڵوگۆڕی دیلەکان کراوە لەنێوانیان.