بەرپرسێکی ئێران: پێشنیازەکەی قەتەر رەتدەکەینەوە

ئێران رەتیدەکاتەوە قەتەر پێشنیازێکی نوێی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا پێشکەش کردبێت و بیرۆکەکانی دەوحە بە قبووڵنەکراو وەسف دەکات، هاوکات جەخت لە نەگۆڕانی سیاسەتی وڵاتەکەی بەرانبەر دۆسیەی ئەتۆمی دەکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"ـی راگەیاند، قەتەر هیچ پێشنیازێکی نوێی بۆ کۆتاییهێنان بە کردەوە سەربازییەکان لەگەڵ ئەمریکا پێشکەش نەکردووە.

ئەو بەرپرسە، ئاماژەی بەوە دا، دەوحە کۆمەڵێک بیرۆکەی خستووەتەڕوو، بەڵام بۆ تاران قبووڵنەکراون. هەروەها، گوتی، سیاسەتی ئێران لەسەر بنەمای نیشاننەدانی هیچ نەرمییەک لە دۆسیەی ئەتۆمیدا دامەزراوە و ئەو سیاسەتەش هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکان بە ئاژانسەکەی راگەیاندبوو، قەتەر پێشنیازێکی نوێی پێشکەشی ئێران کردووە بە ئامانجی ئەوەی لە ماوەی حەوت رۆژدا کۆتایی بە جەنگ بهێنرێت.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، نێوەندگیرەکانی قەتەر لە دانوستانەکانی یەکشەممەی رابردوو لە تاران، رەشنووسی رێککەوتنێکی نوێیان پێشکەشی ئێران کردووە خشتەیەکی کاتیی حەوت رۆژەی لەخۆگرتووە، بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی تاران و واشنتن لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.

هاوکات ئەو سەرچاوەیە، باسی لەوە کرد، چەند وڵاتێک رۆڵی زامنکاری رێککەوتنەکە دەگێڕن، ئەوەش بەبێ ئەوەی ناوی وڵاتەکان ئاشکرا بکات یان هیچ وردەکارییەکی دیکە لەبارەی زامنکارییە پێشنیازکراوەکان بخاتەڕوو. 

ئەم هەوڵانەی قەتەر لە کاتێکدان ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی زۆر هەستیار و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و مەترسییەکانی تەشەنەسەندنی ململانێکان بۆ جەنگێکی ناوچەیی بەرفراوانتر لە ئارادان.