کوردێک بۆ جاری سێیەم بە ئەندامی پەرلەمانی ئەرمینیا هەڵبژێردرایەوە

هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەرمینیا بەڕێوەچوو

کنیاز حەمید حەسەنۆڤ، پەرلەمانتاری کورد لە ئەرمینیا
کنیاز حەمید حەسەنۆڤ، پەرلەمانتاری کورد لە ئەرمینیا

K24 - مۆسکۆ

کنیاز حەمید حەسەنۆڤ، پەرلەمانتاری کورد لە ئەرمینیا، توانی بۆ جاری سێیەم دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت و ئەندامیەتی پەرلەمان لە خولی هەشتەم دەستەبەر بکات.

رۆژی یەکشەممە 20/6/2021 پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی ئەرمینیا بەڕێوەچوو،  بەپێی راگەیاندراوی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەرمینیا 2 ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەبووە و لەم رێژەیە یەک ملیۆن و 281 هەزار و 174 کەس دەنگیان داوە.

لە هەڵبژاردنەکەدا 21 پارت و 4 بلۆک کێبڕکیان بوو لەسەر 132 کورسی پەرلەمان. بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەرمینیا، تائێستا پارتەکەی نیکۆل پاشینیانی سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا (گراژدانسکی دەگەڤۆر- گرێبەستی مەدەنی) زۆرترین رێژەی دەنگی بەدەست هێناوە، بەم پێیە زۆربەی کورسییەکانی پەرلەمانی مسۆگەر کردون، بۆیە زۆربەی ئەگەرەکان بۆ ئەوەن، جارێکی تر پارتەکەی نیکۆل پاشینیان کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنێت.

کنیازێ حەمید حەسەنۆڤ، سیاسەتمەدارێکی کوردە لە وڵاتی ئەرمینیا، لە خولی شەشەمی پەرلەمان لە 2ـی نیسانی 2017  لەسەر لیستی پارتی کۆماری توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێ و بۆ یەکەمجار بچێتە پەرلەمان. دواتر بەهۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان ناچار لە 9/12/2018 هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامدرا و بۆ جاری دووەم کنیازێ حەمید بە ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە و لە 14/1/2019 سەرۆکایەتی یەکەمین کۆبوونەوەی خولی حەوتەمی پەرلەمانی ئەرمینیای کرد، بەو پێیەی ئەوکات بە تەمەنترین پەرلەمانتار بوو و  تەمەنی 74 ساڵبوو.

بەهۆی شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا و کۆنترۆڵکردنی ناگۆڕنی-قەراباغ لەلایەن هێزەکانی ئازەربایجان، نیکۆل پاشینیان رووبەڕووی ناڕەزایەتیەکی زۆر بووە لەناو پەرلەمانی وڵاتەکەی و لە 10/5/2021 سەرۆکایەتی کردنی حکومەتی رەتکرایەوە، بۆیە ناچار بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەیدا و رۆژی 20/6/2021 هەڵبژاردنی هەشتەمین خولی پەرلەمان بەڕێوەچوو، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان جارێکی تر  نیکۆل پاشینیان متمانەی زۆرینەی دەنگدەرانی بەدەست هێناوەتەوە.

کنیاز حەمید ئەمجارە لەسەر لیستی پارتەکەی نیکۆل پاشینیانی سەرۆک وەزیران دەچێتەوە پەرلەمان.

کنیاز حەمید حەسەنۆڤ  لە 17/1/1945 گوندی داڤاخارابای ھەرێمی ئەبۆڤیانی کۆماری ئەرمینیا لە دایکبووە. خانەوادەکەی خەڵکی ناوچەی وانی باکوری کوردستانن و ساڵی 1926 دوای راپەڕینی شێخ سەعید ئاوارەی نەخچەوانی سۆڤیەتی پێشوو بوون.

- ساڵی 1962 بە پلەی نایاب خوێندنی ئامادەیی تەواوکردووە.

- ساڵی 1968  کۆلیژی کشتوکاڵ و باخچەسازی ئەرمینیای تەواوکردووە. پاشان درێژەی بەخوێندن داوە و کۆلیژی ئابووری سیاسی لە زانکۆی مارکسیزم-لینیزم تەواوکردووە.

- ساڵی 1970 - 1973 بووەتە سەرۆکی لیژنەی پلاندانانی کۆمیتەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی ناوچەی ئەبۆڤیان.

- ساڵی  1973 - 1997 - بەڕێوەبەری تۆڕی سینەمای ئەبۆڤیان، لەهەمانکاتدا لە ساڵی  1977 - 2014 بەڕێوەبەری تۆڕی سینەمای هەرێمی کۆتایسکی بووە.

- لەساڵی 1995 ەوە سەرەتا ئەندام و دواتر جێگری سەرۆکی کۆمیتەی کوردستان بووە لە ئەرمینیا .

- ساڵی 2003 بووە ئەندامی ئەنجومەنی هەماهەنگی کەمایەتییە نەتەوەییەکانی سەر بە نوسینگەی سەرۆکی کۆماری ئەرمینیاو لەپای ئەرک و خزمەتی بەرچاو، ساڵی( 2012 )خەڵاتی سەرۆک کۆماری ئەرمینیای  پێبەخشراوە.

کنیازێ حەمید، کوردێکی رەسەنە و رۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە گەشەپێدانی شوناسی نەژادی و نەتەوەیی کورد لە ئەرمینیا، هەڵوێستی جوامێرانەی بۆ پاڵپشتی کردن لە رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، مانشێتی میدیاکانی ئەرمینیا و رووسیابوون و هەنوکەش جەخت لەدەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد و سەربەخۆیی کوردستان دەکاتەوە.

Fly Erbil Advertisment