سی پی جه‌ی: ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانی خۆبه‌ڕێوبه‌ری رۆژئاوا فێر بن قبوڵی رەخنە و رای جیاواز بکەن لە راگەیاندنەکان
داوایكرد، ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا له بڕیاری داخستنی كوردستان24، پاشگه‌ز ببێته‌وه و رێگه به كاركردنی میدیایی كوردستان24 بدات.
K24 – هه‌ولێر:
رێكخراوی پارێزگاریكردن له رۆژنامه‌نووسان ناسراو به (CPJ)، له راگه‌یه‌ندراوێكدا پشتیوانی بۆ كوردستان24 ده‌ربڕی و داوایكرد، ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا له بڕیاری داخستنی كوردستان24، پاشگه‌ز ببێته‌وه و رێگه به كاركردنی میدیایی كوردستان24 بدات.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: دوێنێ به‌شی راگه‌یاندنی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا، مۆڵه‌تی كاركردنی له دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 وه‌رگرتووه‌ته‌وه و فه‌رمانیكردووه، نووسینگه‌كانی كه‌ناڵه‌كه له شاره‌كانی قامیشلۆ و كوبانێ دابخرێت.
هه‌روه‌ها رێكخراوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، دەسەڵاتدارانی بهڕێوبهرایهی باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا باس لە ئەوە دەکەن کە کوردستان 24 کە بارەگاکەی لە شاری هەولێرە لە پەخشەکانیدا رق و کینەی بڵاوکردووەتەوە و توندوتیژی ناوه‌ته‌وه، بەڵام هیچ رووماڵێکی دیاریکراوی نەخستووەتهڕوو، وه‌ك به‌ڵگه بۆ بانگه‌شه‌كانی.
له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: "ئیگناسیۆ میگێل دێلگادۆ، نوێنەری سی پی جەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، رایگه‌یاندووه، ئەو بڕیارەی دەسەڵاتدارانی خۆجێیی باکووری خۆرهه‌ڵاتی سووریا بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کوردستان 24 و داخستنی ئۆفیسەکانی، سانسۆركردن و سنوورداركردنی تونده بۆ رووماڵكردنی پرسه‌كانی ناوچه‌كه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، ئەگەر بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا بیەوێت وەک دەسەڵاتێکی شەرعییهت وەربگیرێت، دەبێت بەرپرسان دەستبەجێ ئەو بڕیارە پێچەوانە بکەنەوە و فێربن قبوڵی رەخنە و رای جیاواز بکەن لە راگەیاندنەکان.
هه‌روه‌ها ئاشكرایكردووه، كه رێكخراوه‌كه نامه‌ی بۆ ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا ناردووه، به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌دراوه‌ته‌وه.