گرووپێكى تیرۆریستى له به‌غدا ده‌ستگیر كران به‌نیازبوون هێرشبكه‌نه سه‌ر هاووڵاتییان
ئه‌و گرووپه به‌نیازبوونه چه‌ندین هێرش و كرده‌ى تیرۆریستى له ناوه‌ڕاست و باشووری به‌غدا ئه‌نجامبده‌ن
K24 – هەولێر:
عه‌بدولوه‌هاب ئه‌لساعدى، فه‌رمانده‌ى هێزه ئۆپه‌ڕاسیۆنه هاوبه‌شه‌كانى به‌غدا، رایگه‌یاند، گروپێكى تیرۆریستى له به‌غدا ده‌ستگیر كراون، به‌نیازبوون هێرش و ته‌قینه‌وه‌ى گه‌وره له به‌غدا ئه‌نجامبده‌ن، هاووڵاتیان بكه‌نه ئامانج.
فه‌رمانده‌ى هێزه ئۆپه‌ڕاسیۆنه هاوبه‌شه‌كانى به‌غدا راشیگه‌یاند، گرووپێكى تیرۆریستى له به‌غدا، به‌نیازبوون هێرشبكه‌نه سه‌ر هاووڵاتیان و هه‌ندێک بازاڕى میللى، له‌لایه‌ن هێزه‌كانمانه‌وه پووچه‌ڵ كرایه‌وه.
گوتیشی: " 3كه‌س، له كه‌نارى رووبار‌ى به‌غدا، له‌نێو به‌له‌مێكدا ده‌ستگیر كران، به‌پێى زانیارییه‌كان، ئه‌و گرووپه له سوریاوه هاتوونه‌ته نێو عێراق، به‌نیازبوون زنجیره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه له ناوه‌ڕاست و چه‌ند به‌شێكى به‌غدا ئه‌نجامبده‌ن".
عه‌بدولوه‌هاب ئه‌لساعیدى روونیشیكرده‌وه، كرده‌ى پووچه‌ڵكردنه‌وه‌كه له‌سه‌ر بنه‌ماى زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كان ئه‌نجامدراوه، ژماره‌ی ئه‌و گرووپه 3كه‌سن و یه‌كێكیان سه‌ركرده‌ى گرووپه‌كه بووه، دانیپێداناوه، به‌نیازبوونه چه‌ندین هێرش و كرده‌ى تیرۆریستى له ناوه‌ڕاست و باشووری به‌غدا ئه‌نجامبده‌ن.
هێزه ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانى به‌غداش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، هێزه‌كانى ئۆپه‌راسیۆن، به وردى چاودێری جووڵه‌كانى ئه‌و گرووپه‌یان كردووه، زانیاری ته‌واویان له‌سه‌ر كۆكردووەته‌وه، پاشان ده‌ستگیریان كردوون و رووبه‌ڕووى دادگا كرانه‌وه.
پەیوەست بە دەستگیرکردنی ئەو گرووپە وه‌زاره‌تى ناوخۆی عێراق بڵاویكرده‌وه، دواى ئاشكرا بوونى ئه‌و گرووپه تیرۆریستییه له به‌غدا، هێزه‌كانى پۆلیس ده‌ستیانكردووه به گەڕان و پشكنینى شه‌قامه‌كانى به‌غدا، بۆ ئه‌وه‌ى كۆنتڕۆڵى دۆخى ئه‌منى پایته‌خت بكرێت.
ک.ب