تورکیا کوشتنی دوو چەکداری پەکەکەی لە سلێمانی راگەیاند

ناسنامەی یەکێک لە کوژراوەکان ئاشکرا دەکرێت

یەکێک لەو چەکدارانەی لە سلێمانی کوژراوە
یەکێک لەو چەکدارانەی لە سلێمانی کوژراوە

K24 – هەولێر

وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، دوو چەکداری پەکەکەیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی کوشتووە و ناسنامەی یەکێک لە چەکدارەکان ئاشکرا دەکات و زانیاری لەبارەیەوە بڵاودەکاتەوە.

ئاژانسی ئەنادۆڵ، بە پشتبەستن بە وەزارەتى بەرگری تورکیا و رێکخراوى هەواڵگرى نەتەوەیی تورکیا (میت)، رایگەیاند، هێزەکانى تورکیا، بەلایەنى کەمەوە، دوو چەکدارى پەکەکەیان لە شارى سلێمانى کوشتووە، کە لەلایەن تورکیاوە لەناو لیستى سوور داواکراون".

 یەکێکیش لەو دوو چەکدارەى پەکەکە کە کوژراون ناوى ئۆلاش دۆغانە".

ئاماژە بەوەشکراوە "ئولاش دۆغان کە لە شارەکانی باکووری عێراق لە هەوڵی ئەوەدا بووە خەڵکی مەدەنی لە دژی تورکیا رێکبخات لە ماوەی رابردوودا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە عێراق و سووریا دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی زانیاریی لەبارەی هاووڵاتییە تورکەکان لە ناوچەکەدا بۆ بەرپرسانی پەکەکە".

ئەو ئاژانسەی تورکیا سەبارەت بەو ئەندامەی پەکەکە باسی لەوەشکردووە "ئولاش دۆغان کە پێشتر لە گوندەواری دێرسم کردەی زۆری ئەنجامداوە، بەشداری کردووە لە زۆر کردەی پەکەکەدا لە ناوچەکەدا هەر لە دانانی مین، رێگرتن، سووتاندنی ئۆتۆمبێل و بۆسەنانەوە".