به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خۆسه‌ر ده‌روازه‌ی سێمالكای داخست
ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا، له بڕیارێكی نوێ‌دا ده‌روازه‌ی سنووریی سێمالكای هاوسنووری هه‌رێمی كوردستانی داخست.
K24 – هه‌ولێر:
ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا، له بڕیارێكی نوێ‌دا ده‌روازه‌ی سنووریی سێمالكای هاوسنووری هه‌رێمی كوردستانی داخست.
له راگه‌یه‌ندراوێكی ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریادا هاتووه: ئاژانسه‌كانی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه مرۆییه‌كان، پێتان راده‌گه‌یه‌نین، به هۆی هه‌ندێك رێككاری ته‌كنیكییه‌وه ده‌روازه‌ی سێماڵكا له دیوی ئێمه‌دا داخرا.
هه‌روه‌ها هاتووه: بڕیاری داخستنی ده‌روازه‌كه كاریگه‌ری نابێت له‌سه‌ر ده‌رچوون و هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ناوچه‌كه بۆ كادیرانی رێكخراوه مرۆییه‌كان و كه‌لوپه‌لی په‌یوه‌ست پێیانه‌وه.
له باره‌ی هۆكاری داخستی ده‌روازه‌كه‌وه، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا هیچ زانیارییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌خستووه‌ته‌ڕوو و ته‌نیا ئاماژه‌ی به "هۆكاری ته‌كنیكی" كردووه.
ده‌روازه‌ی سێمالكا به رێڕه‌وی ژیانی ئابووری و په‌یوه‌ندی نێوان خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان ده‌ناسرێت.
رۆژانه له رێگه‌ی ئه‌و ده‌روازه سنوورییه‌وه، ده‌یان هاووڵاتی كه پێویستیان به چاره‌سه‌ری خێرا بۆ نه‌خۆشییی هه‌یه روو له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و هاوكات له هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك ده‌گوازرێنه‌وه بۆ رۆژئاوای كوردستان.