حکومەتی هەرێم لە رێگەى کەمپەینێکەوە وەڵامی پرسیاری هاووڵاتیان دەداتەوە
هاووڵاتیان دەتوانن پرسیار لە حکومەت بکەن و وڵام وەربگرنەوە
K24 - هەولێر
بەمەبەستی ئاشنابوون و بەدواداچوون بە کاروچالاکی و پڕۆژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمى کوردستان کەمپەینێکی با ناوونیشانی "پرسیار لە حکومەتى هەرێمى کوردستان" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەست پێ کردووە.
حکومەتى هەرێمى کوردستان" کە بە هاشتاگى (#AskKRG) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر و لە رێگەى تویتەرى حکومەتى هەرێمى كوردستانەوە ئەنجام دەدرێت، وەڵامى هەموو هاووڵاتیانى کوردستان دەداتەوە کە هەر لە ڕێگەى تویتەرەکەوە پرسیار لەبارەى حکومەت و پڕۆژە و کار و چالاکییەکانى حکومەت دەکەن و دواتر لە لایەن گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی پرسیارەکانیان دەدرێتەوە.
لە کەمپەینەکەدا هەر جارەى پرسێک دەورووژێنرێت بۆ ئەوەى هاووڵاتیان بزانن لەبارەى چییەوە پرسیار بکەن، یەکەم جار ڕێگە واڵا کراوە بۆ پرسیارکردن لەسەر بابەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە لە هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیان دەتوانن ئەو پرسیارانەی تایبەتن بەو بوارە ئاراستەی حکومەتی بکەن.
لەم بارەوى د.جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕوو لە هاووڵاتیانی کوردستان رایگەیاند: ''حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی ئێوەیە و بۆ خزمەتی ئێوە دامەزراوە"، ئەمەشى بە مەبەستى ناسینى حکومەت بە وردى و نزیکی هێنایە سەر زمان تا هاووڵاتیان "ئاشنا بن بە پڕۆژە و پلانەکان" و دکتۆر جوتیار گوتیشى "پرسیار ئاراستەی ئێمە بکەن و ئێمەش بە خۆشحاڵییەوە وەڵامی بەڕێزتان دەدەینەوە.''