كۆمپانیایه‌كی هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌می پێداویستیی پزیشكی له پیشانگه‌ی "عه‌ره‌ب هێڵس" نمایش ده‌كات
سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه و یه‌كه‌مجاره له هه‌رێمی كوردستان و عێراق كۆمپانیایه‌كی له‌و جۆره به‌رهه‌مه‌كانی له "عه‌ره‌ب هێڵس" نمایش بكات
K24 – هه‌ولێر:
بۆ یه‌كه‌مجاره كۆمپانیایه‌كی كوردستانی تایبه‌ت به به‌رهه‌مهێنانی كه‌لوپه‌ل و پێداویستی پزیشكی به‌رهه‌مه‌كانی له پیشانگه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی به‌ناوبانگدا نمایش ده‌كات.
رۆژی 21ی ئه‌م مانگه پیشانگه‌ی كۆنگره‌ی ساڵانه‌ی ته‌ندرووستی عه‌ره‌ب ناسراو به (Arab Health) له دوبه‌ی ده‌ستیپێكرد.
له پیشانگه‌كه‌دا سه‌دان كۆمپانیای گه‌وره‌ی ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی به‌شدارن و به‌رهه‌م و داهێنانه ته‌ندرووستی و پزیشكییه‌كانیان نمایش ده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌رچی بڕیار بوو، پیشانگه‌كه له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ بكرێته‌وه، به‌ڵام به هۆی په‌تای كۆرۆناوه، واده‌كه‌ی دواخرا و رۆژی 21ی ئه‌م مانگه چالاكییه‌كانی ده‌ستیان پێكرد و سبه‌ی 24ی حوزه‌یران كۆتایی دێت.
كۆنگره‌ی "ته‌ندرووستی عه‌ره‌ب"، ساڵانه بۆ هه‌ردوو بواری ده‌رمان و داهێنانه‌كانی بواری ده‌رمانسازی و هه‌روه‌ها كه‌لوپه‌ل و پێداویستی پزیشكی ده‌كرێته‌وه.
ئه‌وه‌ی كۆنگره‌كه‌ی ئه‌مساڵ له 45 كۆنگره‌ی رابردووی جیا ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌یه، ئه‌مساڵ كۆمپانیایه‌كی كوردیی له هه‌رێمی كوردستانه‌وه به به‌رهه‌مه‌كانی له بواری پێداویستیی پزیشكی و ته‌ندرووستیی به‌شداریكردووه.
د. ئاسۆ حه‌وێزی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له لێدوانێكدا بۆ "كوردستان24" ئاماژه‌ی به گرنگی و رۆڵی به‌شداریكردنی كۆمپانیا كوردییه‌كانی بواری ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی كرد و رایگه‌یاند، ئێستا به‌رهه‌می پێداویستی پزیشكی هه‌رێمی كوردستان له‌و پیشانگه نێوده‌وڵه‌تییه‌دا نمایش كراوون، كه ئه‌مه بۆ خۆی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه و یه‌كه‌مجاره له هه‌رێمی كوردستان و عێراق كۆمپانیایه‌كی له‌و جۆره به‌رهه‌مه‌كانی له "ئه‌ره‌ب هێڵس" نمایش بكات.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی هیوای خواست بۆ ساڵانی داهاتوو، كۆمپانیاكانی بواری ده‌رمانیش، كه له هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراوون و ده‌رمان به‌رهه‌م ده‌هێنن، خۆیان تۆمار بكه‌ن و به‌شداری له‌و پیشانگه نێوده‌وڵه‌تییه‌دا بكه‌ن.