جوتیار عادل: 30 رۆژ جارێك مووچه ده‌درێت
چاوه‌ڕێی حكومه‌تی ئیتیحادی ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی ئیتیحادی وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكات
K24 – هه‌ولێر:
گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جوتیار عادل، رایگه‌یاند، كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌نده به دابه‌شكردنی مووچه هه‌ر 30 رۆژ جارێك و چاوه‌ڕێی حكومه‌تی ئیتیحادی ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی ئیتیحادی وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكات.
له میانی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24، جوتیار عادل گوتی: دیاره هۆكاری دواكه‌وتنی ناردنی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم ئه‌وه‌یه، كه ئه‌و پرسه‌یان په‌یوه‌ست كردووه به بابه‌تی هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
گوتیشی: "تا ئه‌م ساته، ئه‌و لیژنه‌یه‌ی درووستكراوه له نێوان دیوانی چاودێری هه‌رێم و ئیتیحادی، به‌رده‌وامن له كاری خۆیان و سه‌ردانی چه‌ند ده‌روازه‌یه‌كی سنوورییان كردووه و زانیارییه‌كانیان له‌به‌رده‌سته. هیوا خوازین له حكومه‌تی عێراق، ئه‌و شایسته كه‌مه‌ی دیاری كراوه ره‌وانه‌ی بكه‌ن".
هه‌روه‌ها گوتی: بێگومان وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم هه‌موو سیناریۆكانمان له‌به‌ر چاو گرتووه. ماوه‌یه‌كه كارمان له‌سه‌ر یاسای بودجه‌ی هه‌رێم كردووه. ئێمه لێكۆڵینه‌وه‌مان له باره‌ی داهات و خه‌رجییه‌وه كردووه. به‌رده‌وامین له‌سه‌ر كاری خۆمان، چه‌ندین كۆبوونه‌وه له باره‌ی ره‌شنووسی بودجه‌ی هه‌رێم كراوه. ئێمه ناتوانین سه‌رجه‌م خه‌رجییه‌كان دابین بكه‌ین، چونكه داهاتمان له خه‌رجیمان كه‌متره. كورتهێنانمان هه‌یه.
سه‌باره‌ت به ناردنی 200 ملیار دیناره‌كه بۆ هه‌رێم، جوتیار عادل روونیكرده‌وه، "شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم، مافی خۆمانه، كه‌س خێرمان پێ ناكات. چاوه‌ڕێین به‌غدا ده‌قی یاسای بودجه‌ی عێراق جێبه‌جێ بكات".
له باره‌ی پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌وه، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، "خه‌ڵكی كوردستان به تایبه‌ت مووچه خۆران دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه، ئێمه وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر به‌ڵێنمان داوه، 30 رۆژ جارێك پابه‌ندین به دابه‌شكردنی مووچه‌وه".
جوتیار عادل، ره‌تیكرده‌وه بڕیاری پێشوه‌خته له باره‌ی نیازی به‌غدا بدرێت له هه‌مبه‌ر دواكه‌وتنی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه وه‌ك شایسته‌ی دارایی هه‌رێم بڕیاری له باره‌وه درابوو و له‌و باره‌یه‌وه گوتی: "با بڕیاری پێشوه‌خته نه‌ده‌ین و بڵێین به‌غدا پابه‌ند نییه، تا ئێستا پرۆسه‌كه به باشی ده‌ڕوات. ئێمه وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم پێمان وایه، ئه‌و رێككه‌وتنه سوودی بۆ هه‌ردوولامان هه‌یه. هه‌روه‌ها ئێمه ئاماده‌باشیمان پیشانداوه بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای بوودجه".
ئه‌وه‌شی گوت: "له هه‌ر حاڵه‌تێكدا ئه‌و داهاته نه‌وتی و نانه‌وتییه‌ی هه‌مانه ده‌خرێته ژێر لێكۆڵینه‌وه. ئێمه وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندیمان هه‌یه به‌رامبه‌ر مووچه‌خۆران و خه‌ڵكی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی بتواین ئه‌و داهاته له خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان خه‌رج بكه‌ین. هیوادارین بتوانین، به پێی ئه‌و داهاته‌ی له داهاتوودا دێته ده‌ستمان له نه‌وت و داهاته نانه‌وتییه‌كان، كورتهێنان پڕ بكه‌ینه‌وه".