نێچیرڤان بارزانی و جان گادفره‌: پێویسته‌ رێگه‌ له‌ هۆكاره‌كانى سه‌رهه‌ڵدانى تيرۆر و توندڕه‌وى بگيرێت

ئه‌مڕۆ هه‌ينى، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ جان گادفره‌ى، نێرده‌ى تايبه‌تی ئه‌مه‌ريكا بۆ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش به‌وه‌كاله‌ت و شاندێكى ياوه‌رى كرد

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان وجان گادفره‌ى، نێرده‌ى تايبه‌تی ئه‌مه‌ريكا بۆ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش به‌وه‌كاله‌ت
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان وجان گادفره‌ى، نێرده‌ى تايبه‌تی ئه‌مه‌ريكا بۆ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش به‌وه‌كاله‌ت

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ هه‌ينى، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ جان گادفره‌ى، نێرده‌ى تايبه‌تی ئه‌مه‌ريكا بۆ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش به‌وه‌كاله‌ت و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و هه‌ڕه‌شه‌ و جموجۆڵه‌كانى داعشيان له‌ عێراق تاوتوێكرد و جه‌ختييان له‌ پێويستيى چڕكردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كان و هاريكارى و ميكانيزمێكى كاراى هه‌ماهه‌نگيى نێوان سوپاى عيراق و پێشمه‌رگه‌ به‌ پشتگيريى هێزه‌كانى هاوپه‌يمان بۆ له‌ناوبردنى يه‌كجاره‌كيى داعش، به‌تايبه‌تى له‌ ناوچه‌كانى بۆشاييى ئه‌منى كرده‌وه‌.

هه‌ردوولا كۆك بوون له‌وه‌ى به‌رده‌واميى په‌لاماره‌كانى داعش هه‌ڕه‌شه‌ى ڕاسته‌قينه‌‌ و مه‌ترسيى جددين بۆ ئاسايش و ئاراميى عێراق و سووريا، رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه‌ و ته‌نانه‌ت بۆ وڵاتانى ئه‌فریقاش، بۆيه‌ داكۆكييان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ شه‌ڕى دژى داعش و توندڕه‌وى به‌ ته‌نيا له‌ رێگه‌ى سه‌ربازييه‌وه‌ نابێت، به‌ڵكو ده‌بێ رێگه‌ له‌ هۆكاره‌كانى سه‌رهه‌ڵدانى تيرۆر و توندڕه‌وى بگيرێت. له‌مباره‌يه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ دۆخى كه‌مپى هۆڵ له‌ سووريا كرا و جه‌خت له‌ پێويستيى كاركردن بۆ رێگرى له‌ زه‌مينه‌ى توندڕه‌وى كرايه‌وه‌.

گرنگيى يارمه‌تيدان و هاوكاريكردنى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كانى شه‌ڕى داعش بۆ شوێنه‌كانيان، دووباره‌بوونه‌ى به‌ئامانجگرتنى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانان له‌ عيراق، هه‌وڵه‌كان و هاوبه‌شى و هاريكاريى هه‌مه‌لايه‌نه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌، دۆخى ئێستا و داهاتووى سووريا و پرسى كورد له‌و وڵاته‌، كۆنفرانسى هه‌فته‌ى داهاتووى وه‌زيرانى وڵاتانى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش له‌ رۆما و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى‌ جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون كه‌  كونسوڵى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ى بوو.