له باره‌ی هێرشه درۆنییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی هه‌ولێر په‌یجی دژه تیرۆری كوردستان زانیاری نوێی بڵاوكرده‌وه
"هه‌ندێك درووشم له‌سه‌ر باڵی درۆنه‌كان نووسراون"
K24 - هه‌ولێر:
په‌یجی ده‌زگای دژه تیرۆری كوردستان له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك زانیاری نوێی له باره‌ی هێرشه درۆنییه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆی سه‌ر ده‌وروبه‌ری شاری هه‌ولێر بڵاوكرده‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یجی دژه تیرۆر، له هێرشه‌كه‌دا، سێ درۆن به‌كارهاتوون و بەر خانووی هاونیشتمانییەك لە نزیک گوندی براغ لە پارێزگای هەولێر دەکەوێت و درۆنێکیش لە چۆڵەوانییەکی چیای تارین دەکەوێتە خوارەوە.
وه‌ك پەیجی دژە تیرۆری کوردستان بڵاویكردووه‌ته‌وه، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 26ی حوزەیرانی 2021 کاتژمێر 1:50، سێ درۆن "فڕۆکەی بێفڕۆکەوان" لە رێگەی خۆپێداکێشان خۆیان بە خانووی هاونیشتمانییەک لە باخچەکانی سەر رێی سێولە لە گوندی براغ نزیك کۆمەڵگەی مەلا ئۆمەر لە پارێزگای هەولێر دەدەن، کە دوو لەو درۆنانە دەتەقنەوە و یەکێکیان ناتەقێتەوە، خۆشبەختانە وێرای زیانی ماڵی هیچ زیانێکی گیانی لێ ناکەوێتەوە. هاوکات درۆنێکیش لە چۆڵەوانییەکی چیای تارین دەکەوێتە خوارەوە.
وه‌ك ئاماژه‌ی بۆ كراوه، چه‌ندین درووشمی جیا جیا له‌سه‌ر باڵه‌كانی فڕۆكه‌كه نووسراون، وه‌كو: "السلام علیک یا جمال العراق، بسم لله قاسم الجبارین، یا صاحب الزمان، یا زهراء" .
دووپاتیش له‌وه كراوه‌ته‌وه كه لێکۆڵینەوەکان لەو بارەوە بەردەوامە و دەرئەنجامەکانی بۆ هەموو لایەک ئاشکرا دەکەین.