ئێران له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی هاته ده‌نگ
سه‌عید خه‌تیبزاده: ئه‌م ره‌فتاره‌ی واشنتن ئاڵۆزی له ناوچه‌كه درووست ده‌كات و ئه‌مه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكا نییه

K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه رایگه‌یاند، مووشه‌كبارانكردنی چه‌ند پێگه‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی له سووریا و عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه درووستكردنی قه‌یرانه، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌م ره‌فتاره‌ی واشنتن ئاڵۆزی له ناوچه‌كه درووست ده‌كات و ئه‌مه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكا نییه.
سه‌باره‌ت به هێرشی ئه‌مشه‌وی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر لیوایه‌كی حه‌شدی شه‌عبی، سه‌عید خه‌تیبزاده، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتی: "ئامۆژگاری ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ین، شێوازی خۆیان بگۆڕن، له‌جیاتی درووستكردنی قه‌یران و كێشه بۆ گه‌لانی ناوچه‌كه، رێگه بدات خۆیان بڕیار له چاره‌نووسی وڵاته‌كه‌یان بده‌ن و ده‌ستوه‌ردان نه‌كات".
گوتیشی: "پێویسته ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵه‌كانی خۆی راست بكاته‌وه و ئه‌م ده‌ستوه‌ردانانه له ناوچه‌كه‌دا بوه‌ستێنێت، ئه‌م ره‌فتاره‌ی واشنتن ئاڵۆزی له ناوچه‌كه درووست ده‌كات و ئه‌مه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكا نییه".
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" رایگه‌یاند، درەنگانی شەوی رابردوو ژمارەیەك بنکە و ناوەندی سەربە چەکدارە ئێرانییەکان لە عێراق و سووریا بۆردومان کراون و 5 چه‌كدار كوژراون.
حه‌شدی شه‌عبیش له راگه‌یه‌نراوێكدا هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی له ئه‌مه‌ریكییه‌كان كردووه و ئاماژه‌یان به‌وه كرد، "ئێمه له به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌ی عێراقی تۆڵه‌ی خوێنی شه‌هیدانمان له ئه‌نجامده‌ری ئه‌و تاوانانه ده‌كه‌ینه‌وه، به پشتیوانی خوا تاڵیی تۆڵه به دوژمن ده‌چێژین".
سه‌رچاوه: RT
د.ی