رامسفێڵد كۆچی دواییكرد
ئه‌و بڕوای به ئیمپراتۆریه‌تی ئه‌مه‌ریكا و به‌كارهێنانی هێز بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كان هه‌بووه.
K24 – هه‌ولێر:
دۆناڵد هنری رامسفێڵد، دیارترین سیاسه‌تمه‌دار و بزنسمانی خانه‌نشینی ئه‌مه‌ریكایی كۆچی دواییكرد.
رامسفێڵد، به یه‌كێك له ههڵۆكانی كۆشكی سپی و پارێزگاره نوێیه‌كانی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌ژمار ده‌كرا.
ئه‌و بڕوای به ئیمپراتۆریه‌تی ئه‌مه‌ریكا و به‌كارهێنانی هێز بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كان هه‌بووه.
رامسفێڵد بوو، ناوی له كیشوه‌ری ئه‌وروپا نابوو، "كیشوه‌ره پیره‌كه".
جانیس كاربینسكی، یه‌كێك له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا بوو، كه ئه‌شكه‌نجه‌ی زیندانییه عێراقییه‌كانی له ئه‌بوغرێب ده‌دا" رامسفێڵدی به‌وه تۆمه‌تبار كردبوو، كه فه‌رمانی پێكردوون هه‌موو ئامرازێكی ئه‌شكه‌نجه به‌كاربهێنن دژی زیندانییه‌كان. به گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كان، رامسفێڵد رۆڵێكی گرنگی له داڕشتنی نه‌خشه‌ی شه‌ڕ له عێراق و ئه‌فغانستان هه‌بووه.
هه‌روه‌ها بۆ یه‌كه‌مجار له كه‌نداوی گوانتانامۆ زیندانێكی گه‌وره‌ی دامه‌زراند، كه تێیدا هه‌موو جۆره سزا و ئه‌شكه‌نجه و ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر و به‌كارهێنانی سه‌گ بۆ لێپرسینه‌وه له زیندانییه‌كانی تێدا به‌كارهێنراوه.
رامسفێڵد له (9ی تهمموز/ یۆلیۆی 1932) له‌دایكبووه و بۆ یه‌كه‌مجار له 1975 تا 1977 وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا بووه.
جاری دووه‌م له نێوان 2001 تا 2006، كه هه‌ردوو شه‌ڕی ئه‌فغانستان و عێراق كران، ئه‌و وه‌زیری به‌رگری بووه.
سێ ساڵیش نوێنه‌ری ویلایه‌تی ئه‌لینۆی بووه و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا بووه.
له 1969 – 1973 راوێژكاری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بووه.
له 1973- 1974 نوێنه‌ری ئه‌مه‌ریكا بووه له ناتۆ. له 1974- 1975 سه‌رۆكی فه‌رمانبه‌رانی كۆشكی سپی بووه.
ئه‌و له 1954 به‌شی زانسته سیاسییه‌كانی زانكۆی برینستۆنی ته‌واو كردووه. له 30 ساڵیدا بووه‌ته نوێنه‌ری ئه‌لینۆی.
دوای پێشێلكارییه‌كانی گوانتانامۆ و ئه‌بوغرێب به هێواشی پشتیوانی سیاسی له‌ده‌ستدا و له كۆتاییه‌كانی 2006 ناچار كرا ده‌ست له پۆستی وه‌زاره‌تی به‌رگری بكێشێته‌وه.
ئه‌و كتێبی یاده‌وه‌رییه‌كانی به ناونیشانی "زانراو و نه‌زانراو" چاپ و بڵاوكردووه‌ته‌وه. راوێژكاری ده‌یان زانكۆی ئه‌مه‌ریكایی بووه بۆ پرسه سه‌ربازییه‌كان.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (30ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2021)، رامسفڵێد له ته‌مه‌نی 88 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.