شەپۆلی پێنجەمی کۆرۆنا رەوشی ئێران دەشێوێنێ
چەندین شار وەک دۆخی سوور دیاریکران
K24 - هەولێر
شەپۆلی پێنجەمی کۆرۆنا لە ئێران بڵاوبووەتەوە و لە تاران و 91 شاری دیکەی ئەم وڵاتە دۆخی سوور راگەیاندراوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، تا ئەمڕۆ شەممە لە 92 شار دۆخی سوور، و لە 183 شار دۆخی نارنجی راگەیاندراوە و 173 شاریش لە دۆخی زەرددان.
جێگری پارێزگای تاران رایگەیاند، بە سەرنجدان بەوەی سەرانسەری پارێزگای تاران کەوتووەتە دۆخی سوورەوە، لە ئەمڕۆوە زیاتر لە 70٪ فەرمانبەرانی ئەم پارێزگایە دەبێ بە شێوەی ئۆنلاین لە فەرمانگەکان کارەکانیان جێبەجێ بکەن و تەنیا 30٪ی فەرمانبەران لە شوێنی کارەکەیان ئامادە دەبن.
لە باشووری ئێران و بە تایبەت لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان زۆربوونی ژمارەی تووش بووان و قوربانییان نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە و باس لە ئەگەری روودانی کارەساتی مرۆیی دەکرێت.
لەلایەکی دیکە بە گوێرەی ئامارەکان لە ناوەندە تەندروستییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 503 هاووڵاتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون و هەشت کەسیش گیانیان لە دەست داوە.
زۆرترین ئاماری تووش بووان و قوربانیان تایبەتە بە پارێزگای ورمێ کە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 262 تووش بووی نوێ و 4 حاڵەتی گیانلەدەستدان لەم پارێزگایە تۆمار کراوە. لە پارێزگای سنە 67 تووشبوو و دوو قوربانی و لە کرماشانیش 53 تووشبوو و دوو قوربانی تۆمار کراون.
لە پارێزگای ئیلامیش کە بچووکترین پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 91 تووشبووی نوێ تۆمار کراون و لە شاری مێهرانی ئەم پارێزگایە دۆخی سوور راگەیاندراوە.